وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی كردبێت به‌رپرسیارێتی خۆی هه‌ڵده‌گرێت

سەعید خەتیب زادە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا هەڕەشەی لەو وڵات و لایەن و کەسانە کرد کە دەستیان لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا هەبووبێت.

سه‌عید خه‌تیب زاده‌، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یی خۆیدا، باسی له‌ ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌ی یاهوو نیوزی ئه‌مه‌ریكی كرد، له‌ باره‌ی به‌شداریكردنی دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی CTG له‌ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و رایگه‌یاند، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك به‌شداری له‌ تیرۆركردنی سوله‌یمانیدا هه‌بووبێت به‌ راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، به‌رپرسیارێتی خۆی هه‌ڵده‌گرێت.

خه‌تیب زاده‌ له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی به‌رده‌وامه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له‌ رووی سیاسی و یاسایی و ئه‌منیش له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی له‌ گفتوگۆداین.

خه‌تیب زاده‌، دووپاتی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك و وڵاتێك به‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌شداری له‌ كوشتنی قاسم سوله‌یمانیدا كردبێت، به‌رپرسیارێتی یاسایی و سزایی خۆی هه‌ڵده‌گرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ماڵپەڕی (یاهوونیوز) بڵاوی کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندس لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا و بە بەشداریی ژمارەیەک کارمەندی دژە تیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوە چووە کە لاهوور جەنگی سەرپەرشتییان دەکات.

Back to top button