عوسمان بانیمارانی: بە دژایەتیی پارتی هیچمان بە هیچ نەكرد
ئەندامێكی پیشووی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای گەیاند كە ئەو گەندەڵییەی حزبەكەی پێی دەكرێت و بەو دەسەڵاتەی لە گومرگەكان هەیەتی، گۆڕان پێی ناكرێ.
عوسمان بانیمارانی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند کە گلەیی لە یەکێتیی هەیە و یەکێتی بە تەنیا ناتوانێ هاوکێشەی هاوبەش لە هەرێمی کوردستان درێژە پێبدا و ئەو قۆناغە نەگۆڕێ، ناتوانێ شەریکی راستەقینە بێ بۆ بەڕێوەبەردنی حکوومەت.
ئەو سەركردەیەی پێشووی یەكێتی لە میانی چاوپێكەوتنەكەیدا لە كەناڵی سەر بە نەوەی نوێ، رای گەیاند: ” گلەییم لە یەکێتی هەیە و پێموایە دەبێ ئەو شێوە بەڕێوەبردنەی بگۆڕێ، پێش کۆنگرەش زۆرینەی سەرکردایەتیی یەکێتی لە مەکتەبی سیاسیی و بەڕێوەبردنی یەکێتی نارازی بوون”.
سەبارەت بە هاوپەیمانییەتی یەکێتی و گۆڕان عوسمان بانیمارانی ئاشکرای کرد کە لە سەرەتاوە بڕوای وا بووە کە یەکێتی دەبێ هەنگاو بنێ بۆ دروستکردنی بەرەیەک کە لە دوو لایەن زیاتر بێ چونکە یەکێتی بە تەنیا ناتوانێ هاوکێشەی هاوبەش درێژە پێبدا و خۆ ڕاگرێ، گوتیشی: “یەکێتی ئەو قۆناغە نەگۆڕێ ناتوانێ شەریکی راستەقینە بێ بۆ بەڕێوەبەردنی ئیدارەی حکوومەت”.
راشیگەیاند: “یەکێتی ناتوانێ ببێتە ئۆپۆزسیۆن چونکە قەبارەی حزبەکەیان لە رووی مووچەوە گەورە کردووە، دەنا ئۆپۆزسیۆنبوون باشە”.
عوسمان بانیمارانی رەتیکردەوە کە لە هیچ کام لە باڵەکانی یەکێتی نزیک بێت و گوتی: ” دوای ئەوەی لە کۆنگرە دەرنەچووم لاهوور جەنگی وەکوو موجامەلە سەردانی کردووم و هیچ سەردانێکی دیکە نەبووە”.
ئاماژەی بە ئەوەش دا کە سەرکردایەتیی یەکێتی ئەو بە یەکێتی دانانێن، تەنیا خۆی خۆی بە یەکێتی دەزانێ.
ناوبراو سەبارەت بە بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند کە گۆڕان هەر یەکێتییە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبێت بوونی گرنگ نییە.
سەبارەت بە ئەوەی ئاخۆ بەنیازە لە پارتی دیموکراتی کوردستان نزیکبێتەوە بانیمارانی رایگەیاند: “بەرنامەم هەیە دژایەتیی پارتی نەکەم، چونکە بە دژایەتیی هیچمان بە هیچ نەکرد”.
عوسمان بانیمارانی سەبارەت بە دەسەڵاتی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ئەو گەندەڵییەی یەکێتیی پێی دەکرێ، گۆڕان پێی ناکرێ، ئەو دەسەڵاتەی یەکێتی سەبارەت بە پارەی گومرگەکان هەیەتی، گۆڕان پێی ناکرێ.