تیمێکی دژەتیرۆری یەکێتی بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لێکۆڵینەوەیان لەگەل دەکرێت

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو خواکوڕک بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەری لە لایەنی ئاسایشی یەکێتی لە راپەڕین ئاشکرا کرد، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لەلایەن تیمێکی سەر بە دژەتیرۆری یەکێتی ئاشکرا دەبێت.

بە پێی ئەو زانیاریانەی دەستی دەزگای میدیایی خواکوڕک کەوتووە، لە ٢٦/٤/٢٠٢١ لە بارەگای دژە تیرۆری سلێمانی تیمی سیروان جێگری محه‌مه‌د تاڵەبانی لێکۆلینەوەیان لەگەڵ بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجامداوە، چونکە گومانیان هەبووە کە شەریکی وه‌هاب هەڵەبجەیی بەرپرسی هێزی تایبەتی دژەتیرۆر بێت، لەکاتی لێکۆلینەوە پێیان گوتووە وەهاب هەڵەبجەيی دەناسی، دواتر  وەهاب زانیاری پێگەیشتووە کە تیمی سیروان لە کاتی لێکۆلینەوە ناوی ئەویان هێناوە ئەویش پەیوەندی تەلەفۆنی بە سیروان کردووە و پێی وتووە بۆچی لەلێکۆلینەوە لەگەڵ ئەو بازرگانە ناو ئەوی هێناوە، لە وەڵامدا سیروان گوتوویەتی بۆ نابێ، ئێوە هەمووتان ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن.

هەروەها خواکوڕک زانیوویەتی:” هەر لە پەیوەندییەکەی نێوان ئەو دوو بەرپرسەی دژەتیرۆر زۆر جوێنیان بەیەکتر داوە و هەڕەشەیان لەیەکترى کردووە.”

هەروەها کاتژمێر ٣ی دوای نیوەڕۆ رێکەوتی ٢٠٢١/٤/٢٦ سیروان چووەتە ناو بەندیخانەی دژەتیرۆر بۆ لێکۆلینەوە لە بازرگانی مادەهۆشبەرەکان بکەن، کە وه‌هاب بەمەی زانیوە سێ ئەفسەری هێزەکەی بە ناوەکانی  فوئاد، هەڵمەت، عه‌زیز، چوونەتە ئەو شوێنە و سەرجەم پاسەوانەکانی سیروانیان چەککردووە و لێیانداوون، دواتر وەهاب گەیشتووەتە شوێنەکە لە سیروانی داوە، هەر لەهه‌مان كات وه‌هاب بە دەمانچە فیشەکێکی لە قاچی سیروان داوە، پاشان شوێنەکەیان جێهشتووە.”

هەروەها سەرچاوەی زانیاريیەکان راشیگەیاند کە دوای رووداوەکە لاهور جەنگی پەیوەندی بە پۆلاد جەنگی کردووە و پێی وتووە نابێت بەهیچ شێوەیەک وه‌هاب هەڵەبجەیی لێكۆلينه‌وه‌ له‌گه‌لى بکرێت و دەبێت بابەتەکە بشاردرێتەوە و، نابێت درز بکاتە ناو خەڵک ئەمەش لەبەر ئەوەی وه‌هاب بەئاگاداری و بۆ لاهور کاری بازرگانی مادە هۆشبەرەکان دەکات.”

Back to top button