وهزارهتی پێشمهرگه: بهدڵنیاییهوه وهڵامی توندمان بۆ هێرشهكانی داعش دهبێت
وەزارەتی پێشمەگە لەبارەی پەلاماری شەوی رابردووی چەکدارانی داعش لە سنووری کفری راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لە ئەنجامی ھەبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان رێکبخەنەوەو لەئێستادا لەشێوەی گروپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەرکەوتوونەتەوە.
دەقی راگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە:..
لەماوەی رابردودا، چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەئەنجامی ھەبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان ڕێکبخەنەوە و لەئێستادا لەشێوەی گروپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەرکەوتوونەتەوە. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش، ماوە ماوە کردەوەیەکی دڕندانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن. کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی 11ی ئایاری 2021 تیرۆریستان پەلاماری سەنگەرێکی لیوای 116ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دا، لەسنوری قەزای کفری و لەئەنجامی ئەو پەلامارە ترسنۆکانەیە، پێشمەرگەیەک بەناوی( محسن حسێن گەرەوەیی) شەهیدبوو. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ دراوەتەوەو تیرۆریستان راونران. جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، کە تیرۆرستان جوڵە و بزاوتەکانیان زیادبووە و لە ئێستادا شێوازی شەڕو پەلاماردانیان گۆڕیوەو، بەردەوام مەترسی دروست دەکەن.
لێرەوه جەخت دەکەینەوە، بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستان پێویستیمان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن، لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە.
بەدڵنیاییەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەئاست ئەوکردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی تووندی دەبێت، دڵنیاییش دەدەین بە خەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراوە و پێشمەرگەش جێگای باوەڕ و متمانەی هەموولایەکە.
پرسە و سەرەخۆشی لەخانەوادەی شەهیدی سەنگەری بەرگری نیشتمان (محسن حسێن گەرەوەیی) دەکەین و پەروەردگاری میهرەبان سەبووری هەموو لایەک بدات.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
12 ی ئایاری 2021