كوشتنى سه‌ركرده‌يه‌كى بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى به‌ده‌ستى دژه‌تيرۆرى يه‌كێتى ئاشكرا ده‌بێت

دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاش بێسەروشوێنكردنی سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان بۆ ماوەی ١٨ ساڵ، ئینجا كوشتنی رادەگەیەنن.

ئەنوەر عەنەبی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان ڕاى گەیاند، لە ساڵی ٢٠٠٣وە مەلا عابید، سەركردەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەورامان، لە لایەن دژەتیرۆری یەکێتییەوە دەستگیر كراوە ”بەبێ ئەوەی ھیچ تاوانێکی کردبێت“.

ڕوونیشی كردەوە: ”چەندینجار شاندی باڵای بزووتنەوە سەردانی یەکێتی کردووە و داوای ئازادکردنی مەلا عابیدی کردووە، ھەروەھا خێزان و منداڵەکانی ساڵانێکی دوور و درێژە چاوەڕێی گەڕانەوەی باوکیان دەکەن، بەڵام بەداخەوە دوای ئەو ھەموو چاوەڕوانییە، ئاگادار کراینەوە کە مەلا عابید لە ژیاندا نەماوە“.

مەلا عابید حەسەن، ساڵی ١٩٦١ لە هەڵەبجە لەدایک بووە و خێزاندارە و باوكی سێ منداڵە، پێش دەستگیركردنی، بەرپرسی میحوەری بزووتنەوەی ئیسلامی بووە لەناوچەی هەورامان و دوای هێرشی ئەمریكا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر رژێمی بەعس، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بزووتنەوە چووەتە ئێران، دواتر بە بەڵێنی چەند بەرپرسێکی یەكێتی گەڕاوەتەوە هەڵەبجە.

زانیاری کوڕی مەلا عابید پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (هاوڵاتی) گوتوویەتی، لە چەند لایەکەوە بەڵێن بە باوكی دراوە بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و حەقیان نابێت بەسەریەوە، دواتر بەرپرسانی باڵای یەكێتی داوای ئەوەیان لێ كردووە لە رووی هەواڵگرییەوە هاوكارییان بكات، ئەویش رەتی كردۆتەوە، بۆیە لە دوایین دانیشتندا كە لە ڕۆژی ٢١ی ٧ی ٢٠٠٣ لەگەڵ ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتی ئەنجامی داوە، مەلا عابید لە لایەن هێزێكی دژەتیرۆری یەكێتییەوە دەستگیر دەكرێت و بێسەروشوێن دەكرێت.

هێشتا نازاندرێت ئاخۆ مەلا عابید حەسەن راستەوخۆ دوای دەستگیركردن و ڕفاندنی لە لایەن دژە تیرۆری یەكێتییەوە كوژراوە، یاخود لە نێو زیندانەكان و لە كاتی ئەشكەنجەداندا كوژراوە؟

 

س: باسنيوز

Back to top button