گه‌وره‌ترین پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى به‌رهه‌مه‌ ئاسیاییه‌كان له‌شارى هه‌ولێر به‌رێوه‌ده‌چێت

كونسولى فه‌خرى وڵاتى سریلانكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڵێ، له‌ مانگى 10ى ئه‌مساڵ بۆیه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان گه‌وره‌ترین پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى به‌رهه‌مه‌ ئاسیاییه‌كان به‌ به‌شدارى زیاتر له‌ 150 كۆمپانیاى به‌ناوبانگ له‌شارى هه‌ولێر به‌رێوه‌ده‌چێت.

دكتۆر ئه‌حمه‌د جه‌لال، گوتی: “بۆ مانگى 10ى ئه‌مساڵ، ئاماده‌كارییمان ده‌ست پێكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى به‌رهه‌مه‌ ئاسیاییه‌كان بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌شارى هه‌ولێر بكه‌ینه‌وه،‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌سه‌ره‌تاوه‌ سه‌ردانى كونسولخانه‌ى وڵاتانى ئاسیامان له‌ هه‌رێمى كوردستان و هه‌روه‌ها باڵیۆزخانه‌كانى وڵاتانى ئاسیا له‌ عێراق كردووه له‌وانه‌ (چین، هیندستان، پاكستان، كۆریا، یابان، ئه‌رمینیا، توركیا، ئه‌نده‌نووسیا، به‌نگلادیش و سریلانكا و پاشكۆى بازرگانى كۆیكاى كۆرى، ئیمارات، سعودییه‌، كوێت، ئازه‌ربیجان،عه‌مان، قه‌ته‌ر و مه‌مله‌كه‌تى بۆتان، قوبرس و فلیپین و، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى چالاكن له‌رووى بازرگانى له‌ عێراق)، ئاماده‌یى خۆیان بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك له‌و بواره‌ ده‌ربڕیوه‌‌ و بڕیاره‌ دواى جه‌ژنیش سه‌ردانى چه‌ند وڵاتێكى عه‌ره‌بى و ئاسیاییش بكه‌م بۆ ماوه‌ى حه‌فته‌یه‌ك بۆ هه‌مان مه‌به‌ست  ‌له‌گه‌ڵ ژووره‌ بازرگانییه‌كانیان كۆده‌بمه‌وه‌ “.

ئه‌حمه‌د جه‌لال  بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راى گه‌ياندووه‌، “چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین 150 بۆ 180 كۆمپانیاى وڵاتانى ئاسیا به‌شدار بن له‌و پێشانگا نێوده‌وڵه‌تیه،‌ ‌ئه‌گه‌ر بارودۆخى كۆرۆنا نه‌بێت زۆربه‌ى كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانى ئاسیا به‌شدار ده‌بن.”

كونسولى فه‌خرى وڵاتى سریلانكا له‌ هه‌ولێر له‌باره‌ى ئامانجى كردنه‌وه‌ى پێشانگاكه‌ گوتى: “ده‌مانه‌وێت بازرگانانى هه‌رێمى كوردستان هێڵێكى ڕاسته‌وخۆى په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى وڵاتانى ئاسیا هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌و وڵاتانه‌ راسته‌وخۆ بگاته‌ هه‌رێمى كوردستان نه‌ك له‌ رێگاى وڵاتانى جیران بۆ هه‌رێمى كوردستان ڕه‌وانه‌ بكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى بازرگانانى كوردستان كه‌لوپه‌له‌كان دێنن له‌ وڵاتانى جیران به‌ناوى به‌رهه‌مى وڵاتانى ئاسیایى به‌ڵام هى ئه‌و وڵاتانه‌ نیه‌، هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت بوارى بازرگانى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌هێزتر بكه‌ین و، ئارامى و كه‌شى گونجاوى هه‌رێمى كوردستان پیشانى كۆمپانیاكانى وڵاتانى ئاسیا بده‌ین بۆ كاركردن و هێنانى به‌رهه‌مه‌كانیان.

Back to top button