سهفين دزهيى : هەرێم توانی لە ئەکتەرێکی بێ دەوڵەت ببێتە یاریکارێکی ئەساسی و بەهێز لە ناوچەکە
له وێبنارێكى لیژنهی ناوچهی لهندهنی پارتی دیموکراتی کوردستان،سەفین دزەیی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمى كوردستان رايگهياند: ههرێمی کوردستان توانیویهتی پهیوهندیهکی تۆکمە و بەهێز لهگهڵ ئەمریکا و ئهوروپا و جیهانی دەرەوە دروست بکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەیان پێبدات.
دزهيى گوتيشى :”بە حیکمەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و دیبلۆماسیەتی سەرۆکی هەرێم کاك نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاك مەسرور بارزانی، ههرێمی کوردستان توانیویهتی پهیوهندیهکی تۆکمە و بەهێز لهگهڵ ئەمریکا و ئهوروپا و جیهانی دەرەوە دروست بکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەیان پێبدات، وە هەرێم توانی لە ئەکتەرێکی بێ دەوڵەت ببێتە یاریکارێکی ئەساسی و بەهێز لە ناوچەکە.”
جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا هەرێمی کوردستان لەو سیاسەتەی بەردەوام دەبێت بەمەبەستی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە و پاراستنی پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان.
سەفین دزەیی هاوکات ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەکی باشی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی ووڵاتانی جیهانیدا لە هەرێمی کوردستان، لە نێویشیاندا کونسوڵخانەی گشتی هەر پێنج ووڵاتە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش نێودەوڵەتی، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ سەرکەوتنی دیبلۆماسیەتی کوردی و ڕۆڵ و پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و بنیادنانی دامەزراوە دیموکراسیەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی ئازاد و پێکەوە ژیانی سەرجەم ئایین و نەتەوەکان، کە ئەوەش وایکردووە جیهان بە ڕێز و تەقدیرەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و پشتگیری لە پاراستنی ئەو سەقامگیرییەی هەرێم بکەن.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمى كوردستان ئاماژەشی بەوەدا کەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر زیادکردنی نوێنەرایەتييهكانى لهدهرهوه دەکات بۆ ئەوەی لە ووڵاتانی تری کاریگەریش نوێنەرایەتی هاوشێوە بکرێتەوە و پەیوەندیەکان بەهێزتر بکرێن.
گووتیشی:” بە بەردەوامی پێداچوونەوە بە کارەکان دەکەین بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتر دروست بکەین و پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە هەموو ڕووەکانەوە بەهێزتر بکەین.
س : KDP.INFO