سەرۆک بارزانی: مامۆستایانی كوردستان لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا پێشەنگی خۆڕاگری بوونە
ئەمڕۆ شەممە ١٥ی٥ی٢٠٢١ سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی ٥٩یەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و جەختی کردووەتەوە مامۆستایانی ئازیز نموونەیەكی باڵا بوونە بۆ هاندان و پێگەیاندن و بەردەوامبوونی فێربوون و زانست.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
بەبۆنەی پەنجاو نۆیەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەرجەم مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم كە سوپاسی ڕۆڵی بەرزی مامۆستایان بكەم لە بڵاوكردنی هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و پێگەیاندنی قوتابیان لە گشت قۆناغەكانی شۆڕش و خەبات و تێكۆشانی گەلەكەماندا. ئەوەشمان هەردەم لەبەرچاوە كە لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا مامۆستایانی كوردستان خۆنەویستانە و فیداكارانە هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بوونە و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و زانست لە كوردستاندا بوەستێت و سەرباری بوونی قەیران و كێشەی گەورە مامۆستایانی ئازیز نموونەیەكی باڵا بوونە بۆ هاندان و پێگەیاندن و بەردەوامبوونی فێربوون و زانست. سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی مامۆستایانی كوردستان دەكەم و ئێمە هەموومان خۆمان بە قەرزاری مامۆستایان دەزانین.
هیوای بەردەوامی و سەركەوتن بۆ هەموو مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم.
مسعود بارزانی
١٥ـی ئایاری ٢٠٢١