خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێكردهوه
ئەمڕۆ یەك شەممە 16-5-2021، دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی قوتابیان و مامۆستایاندا كرایەوەو پرۆسەی خوێندن بەجێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی لەكۆرۆنا دەستی پێكردهوه.
لە دواین لێدوانی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە لە ڕۆژی 11ـی ئایار ڕای گەیاند، پڕۆسەی خوێندن تا یەكەمین ڕۆژی وەرزی هاوین بەردەوام دەبێت بەپێی ئەو خشتەی لە كەمكردنەوەی وانەكان لەلایەن سەرپەرشتیارانی پەروەردەی دانراوە.
لە چەند بڕیارێكی دوێنێی وەزارەتی پەروەردە هاتووە، دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە یەكشەم 16 ئایاری 2021 بەشێوازی بەنۆرە (تناوب)، بۆ قۆناغی یەكەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی (حكوومی – ناحكوومی) و ئەو قوتابخانانەی گوندەكان كە پێشتر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەكدا دەوامیان كردووە لەسەر یەك، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن .
دووەم: پێویستە هەموو لایەك پابەندبن بە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان. دەسەڵاتی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان، جگە لە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان و تیمی تەندروستی، دەدرێت بە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیاریی هاوڕێی ڕەخنەگر، كە پێویستە چاودێرییەكی وردی جێبەجێكردنی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان بكەن .
سێیەم: لە حاڵەتی تووشبوون و چارەسەركردنی كۆرۆنا لە ناوەندەكانی خوێندن بە هاوئاهەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردەی پارێزگاكان، بەسەرپەرشتی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان دەبێت.
چوارەم: بەخێوكاری قوتابییان و خوێندكاران، ئەگەر ئارەزوویان هەبێت، منداڵەكەیان لە ناو پۆل نەخوێنن، دەتوانن لە هەفتەی یەكەمی دەستپێكردنەوەی خوێندن، فۆرمی بەڵێننامە پڕ بكەنەوە كە بە خوێندنی ئەلیكترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە بەردەوام دەبن، بەڵام تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ لە ناو پۆل جێبەجێ دەكرێن.
پێنجەم: وەزارەتی پەروەردە وێڕای سوپاسی بۆ هەموو بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و ئەو مامۆستایە بەڕێزانەی ڕۆڵیان هەبووە لە خوێندنی ئەلیكترۆنی و دروستكردنی گرووپەكانی تیلگرام و ڤایبەر و.. هتد، پێویست دەكات بەردەوام بن لە كارەكانیان و لیژنەی خوێندنی ئەلیكترۆنی لە قوتابخانەكان بە كارایی بمێنێتەوە، لە ڕێی ئەو شێوازی پێوەندیكردنانەی كە بەكار هێنراون. دەتوانرێ ئەو سێ ڕۆژەی قوتابی لە ناو پۆل نییە، ئەركی ماڵەوەی زیاتر پێ بدرێ و پەرە بە تواناكانی فێربوونی بدرێت، تەنیا لەو بابەتانەی كە پێویستە تاقیكردنەوەیان لێ بكرێت، لەگەڵ خشتەی بەشەوانەكان كە لە گشتاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەكانی وەزارەتدا هاتووە، پێشتر ڕایان گەیاندووە و بۆ دامەزراوەكانی وەزارەت نێراون، لەم ڕوانگەیەوە كاری لیژنەی خوێندنی ئەلیكترۆنی بەردەوام دەبێت.