پۆلیس لەبارەی سلێمان هەڵشۆیی روونکردنەوە دەدات
لەبارەی دەنگۆی هەڵاتنی سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و دهلێ : سلێمان هەڵشۆیی لە زیندانە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە” .
دەقی روونکردنەوەکەی پۆلیسی راپەڕین:.
هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ مەرامی تایبەت و بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنت بڵاویان کردۆتەوە کە گوایە سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان ڕایکردووە، بۆ ئەو مەبەستە وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەری ئەم جۆرە هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە.
سلێمان هەڵشۆیی بەبڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسایی سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لە ئێستاشدا لە گرتن و گواستنەوەی ڕاپەڕینە و تەندروستی زۆر باشە، وە لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.
بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتیمان سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین لەدژی خاوەنی ئەو پەیج و ئەکاونتانەی کە دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە بەتایبەت بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان، چونکە بڵاو کردنەوەی ئەوجۆرە هەواڵە نادروستانە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر بارودۆخی دەرونی هاوڵاتیان و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردووە و سکاڵایان تۆمار کردووە.
وە داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین کە بڕوا بەو جۆرە هەواڵانە نەکەن، تەنها ئەوەی لە بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاو بکرێتەوە فەرمیە.
بەڕێوەبەڕایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین
ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان