گوتەبێژی پارتی وەڵامی سەعدی پیرە دەداتەوە
غرور یا ملكەچكردن بۆ ئیڕادەی جەماوەر…
مەغرور بوون كاتێك دروست دەبێت كە كەسێك یا لایەنێك لەناكاو دەرفەتێكی كاتی بۆ دروست بێت و قەبارە و توانا و رابردووی خۆی نەزانی.
پارتی دیموكراتی كوردستان تازە نییە كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان پشتیوانی لێ كردووە و بە هەموو چین و توێژەكانیشەوە بەنوێنەری خۆیانیان زانیوە، پارتیش لە فكر و لە كردەوەدا ھەر خۆی بەنوێنەری ئەو خەڵکە و هەموو چین و توێژەكان زانیوە و قەبارە و توانای خۆی لەهەموو قۆناغەكاندا رەچاوكردووە هەتا قەبارە و توانای دوژمن و منافسەكانی خۆیشی لەبەرچاو گرتووە، بۆیە هەڵبەزودابەزی لە ستراتیژیەتی خۆیدا پەیڕەو نەكردووە و هیچ كاتێكیش ستراتیژیەتی نەكردۆتە قوربانی تاكتیك و جێگۆڕكێی پێ نەكردووە.
بۆیە پارتی تەنیا بە (٤٥) كورسی پەرلەمانی كە دەنگی خەڵكی كوردستانی لەپشتەوەیە لەبەرچاو نیە، ئەوەندەی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەرچاوە، كاتێك حزبێك خۆی بۆ بەرگری لە ماف و ئازادی گەلەكەی تەرخان دەكات دەبێ بۆ پاراستنی دەسكەوت و دامەزراوەكان كە بە خوێن و خەبات بەدەست هاتوون وەكو خاوەن رەفتار بكات.
پارتی هەوڵێ نەداوە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) تەسلیمی ئیڕادەی خۆی بكات، بەڵكو هەوڵی داوە یەکێتی و هەموو لایەنەكانی دیکەی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی تەسلیمی ویستی گەلی كوردستان بن و رێز لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئاكامی دەنگدانی خەڵك بگرین و دیموكراسیەت تەنیا دروشم نەبێت.
ئەگەر پارتی بە (٤٥) كورسیەكەی مەغرور بوایە، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان ئەو ماوە زۆرە چاوەڕوانی نەدەكرد و، هەڤاڵ مەسرور بارزانی لەگەڵ یەك بە یەكی لایەنەكان كۆنەدەبۆوە بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، بەڵكو بە زۆرینەی پەرلەمانی كابینەكەی پێك دەهێنا.
پارتی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە زۆرینە بووە و بۆ ماوەیەكی دورودرێژیش بەتەنیا سەركردایەتی شۆڕشی كردوە بۆ بەدەست هێنانی مافەڕەواكانی گەلەكەی و، تەنیا لایەنی رووتێكراوی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراقیش بووە بۆ چارەسەری كێشەی کورد و كوردستان، لە دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و، هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراقیش هەر زۆرینەی دەنگی خەڵكی كوردستانی بەدەست هێناوە و لایەنی سەرەكی رووتێكردنی وڵاتان بووە.
لەم سەردەمی پێشکەوتن و فرە مینبەریەدا لێدوان زۆر و ئاسانن بەڵام ئەو كاتە لێدوان سودی دەبێ كە لەبەرژەوەندی تەبایی و پڕكردنەوەی درزەكانی یەكڕیزی كۆمەڵگە دا بێت و مانای چەمكەكانی (غرور) و (ملكەچ كردن بۆ ئیڕادەی جەماوەر)یش وەك خۆیان تەعریف بكرێن و تێكەڵاو نەكرێن.
مەحمود محەمەد
١٧ـی ٥ـی ٢٠٢١