ئەمریکا ‘پێشوازی’ لە روونکردنەوەی حکومەت لەبارەی حوکمدراوانی بادینان دەکات
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێشوازی لە جەختکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە “پاڵپشتیی تەواوی بۆ ئازادیی رۆژنامەگەری و رێزگرتن لەو کارە گرنگانەی کە دیپلۆماتکاران دەیکەن لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی دیکە.”
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی شاندێکی باڵای ئەمریکی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی یەکشەممە ئەو تویتەی کردووە.
دوێنێ یەکشەممە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ئەمریکی کرد و لەبارەی کەیسی حوکمدراوانی بادینانەوە پێی راگەیاندبوون، کەیسەکە “بابەتێکی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت”.
لە تویتەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکادا هاتووە، “پێشوازی لە جەختکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین لە پاڵپشتی تەواوی بۆ ئازادیی رۆژنامەگەری و رێزگرتن لەو کارە گرنگانەی کە دیپلۆماتکاران دەیکەن لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی دیکە بۆ پاڵپشتیکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا. ھەروەھا [پاڵپشتیی] روونکردنەوەی حکومەتی ھەرێم[ـی کوردستان] کە کۆبوونەوە لەگەڵ دیپلۆماتکاران تاوان نییە.”
س: رووداو