مستەفا کازمى پێنج وەزیرى کابینەکەى دەگۆڕێت
سەرۆک وەزیرانى عێراق گۆڕانکارى لە کابینەى حکومەتەکەیدا دەکات، سەرکردەیەکى رەوتى حیکمەش ئەو وەزیرانە ئاشکرا دەکات کە دەگۆڕدرێن.
رەحیم عەبوودى، ئەندامى دەستەى گشتى ڕەوتى حیکمەى نیشتیمانى رایگەیاند، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڕیارى گۆڕینى وەزیرانى دارایى، تەندروستى، پیشەسازى، بازرگانى و کشتوکاڵى داوە، لە دواى کۆتایى هاتنى پشوەکان داواکارى گۆڕینى ئەو وەزیرانە ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیران دەکات.
عەبوودى زانیارى زیاترى لەبارەى ئەو گۆڕانکاریەى حکومەتى عێراق ئاشکرا کرد و رایگەیاند، گۆڕینى ئەو وەزیرانە بە دوو قۆناغ یان زیاتر دەبێت، لەقۆناغى یەکەمدا وەزیرانى تەندروستى و کشتوکاڵ دەگۆڕدرێن لەقۆناغەکانى دواتریشدا گۆڕانکارى لەو پۆستە وەزاریەکانى دیکەدا دەکرێت.