ڕێکاری پێویست له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و کەناڵانە دەگيرێته‌به‌ر، کە ڕاستەوخۆ  دیمه‌نی خۆسووتاندنی پەنابەرێکیان گواستووه‌تەوە.

گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا ده‌رده‌كه‌وێ پەنابەرێک لەبەردەم کامێراى کەناڵەکانى راگەیاندن وەستاوە و چەرخێک و دەبەیەک بەنزینى بەدەستەوەیە و ئاگر لە خۆى بەر دەدات و ئه‌وانيش ده‌يگوازنه‌وه‌، وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانيش ده‌لێ، ڕێکاری پێویست له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و کەناڵانە دەگرنەبەر، کە ڕاستەوخۆ  دیمه‌نی خۆسووتاندنی پەنابەرێکیان گواستووه‌تەوە.

شێروان عه‌وڵا، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  ڕايگەیاند: “پاش ئەوەی لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە میانی پەخشی ڕاستەوخۆدا و بە ئامادەبوونی پەیامنێر و وێنەگری چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن، گەنجێکی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی سووتاند و ئەوانیش ڕێگرییان نەکردووە و ڤیدیۆکەشیان بڵاو کردووەتەوە، وەکوو وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێکاری پێویست دەگرینە بەر”.

ئاماژەی بەوەش دا ئێستا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەر ئەو بابەتە له کۆبوونەوەدان “لەسەر داواکاریی وەزیری ڕۆشنبیری لە ئێستادا لە وەزارەتین و گەڕاینەوە بۆ دەوام و لە کۆبوونەوەداین تاوەکوو ڕێکاری پێویست لەگەڵ ئەو دەزگایانە بگیرێتە بەر کە ڤیدیۆکەیان بڵاو کردووەتەوە، چونکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە نووسراو ئاگادارمان کردوونه‌ته‌وه‌ لەوەی ڕێگری بکەن لە دیمەنی توندوتیژی و خۆ کوشتن”.

شێروان عه‌وڵا بۆ باسنيوز راشيگه‌ياندووه‌: “هەرچی زووە داواکاری گشتی بێتە دەنگ و سکاڵا دژی ئەو پەیامنێر و وێنەگرانە تۆمار بکات، کە لە شوێنی ڕووداوەکەدا بوون و ڕێگرییان نەکردووە”.

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە ئاشکراشی کرد: “هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن ڤیدیۆی خۆسووتاندنی ئەو گەنجەی بڵاوکردبێتەوە بەپێی یاسا و  ڕێنوێنییەکان ڕێکاری یاسایی به‌رامبه‌ر دەگیرێتە بەر.

ئەوەشی خستە ڕوو لەسەر ئەو بابەتە وەزارەتی  رۆشبیری ڕوونکردنەوەی زیاتری دەبێت.

 

Back to top button