بەڕێوەبەری گشتی بودجە: نەم گوتووە رێژەی لێبڕین بۆ 15% کەمدەکرێتەوە
دوای ئهوهی له چهند میدیایهك راگهیێندرا كه بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگهیاندووه كه رێژهی لێبڕین له مووچهی مانگهكانی داهاتوو %15 دهبێت، له روونكردهوهیهكدا بهرێوهبهری گشتی بودجه رەتیدەکاتەوە باسی کەمکردنەوەی لێبڕینی مووچەی بۆ 15% کردبێت و رایدەگەیێنێت، ئەوە لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای ئابووریی هەرێمی کوردستانە و ئەوان بڕیار لەبارەی مووچە دەدەن.
پەری نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەکەیدا رایگهیاندووه: “دوای ئەوەی لەكەناڵێكی راگەیاندن بەشداریمان كرد لەباری پرۆژەیاسای بودجە، لێكدانەوەی هەڵە بۆ بەشێك لەقسەكانمان كراوە بەتایبەت لەپرسی لێبڕینی مووچە. وتەی ئێمە لەو كەناڵە بەمجۆرە بووە (لێبڕینی مووچە لە پرۆژەیاسای بودجە دیاریی نەكراوەو و لەبەر ئەوەی مووچە بەیاسا دیاریكراوە دەسەڵاتی ئێمە نییە بەهیچ شێوەیەك لێبڕین دیاریی بكەین، بەڵكو ئەمە لەدەسەڵاتی لیژنەی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان كە بەپێی ئەو داهاتەی هەیە بڕیاری كەمكردنەوە یان هەڵگرتنی مووچە دەدرێت”.
ههروهها بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “من لەهیچ یەك لە وتەكانم باسم لەلێبڕین یاخود ڕێژەیەكی دیاریكراو نەكردووە، بەتایبەت باس لەوە كراوە كە ئێمە باسمان لەوە كردبێت بۆ مووچەی ئەم مانگە رێژەی لێبڕین 15%ـە. بەهیچ شێوەیەك قسەی وامان نەكردووەو وتەی لەو شێوەیە دوورە لە راستییەوە. ڤیدیۆ و تۆماری بەرنامەكەش ماوە”.
بەڕێوەبەری گشتی بودجە لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندن و پەیج و سایتەكان دەکات “بەهیچ شێوەیەك هەواڵی بێبنەما نەگوازانەوەو، بەتایبەت لەدۆخێكدا كە خەڵك بەدەست قەیرانەكانەوە ماندووە تكایە ئێوەش ماندووتریان مەكەن”.