له‌سه‌ر داوای مه‌سرور بارزانی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كوردستان له‌ هیندستان گه‌ڕێنرانه‌وه‌ کوردستان

به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی تیره‌ هیندییه‌كه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زۆربوونی ڕێژه‌ی تووشبووان له‌ هیندستان، وڵاته‌كه‌ به‌ ناوچه‌ی كاره‌ساتبار هه‌ژمار كراوه‌ و ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی له‌ هیندستان بوون، له‌سه‌ر داوا و فه‌رمانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌، ئه‌مڕۆش دووه‌م كاروانیان كه‌ 47 هاووڵاتیبوون گه‌یشتنه‌وه‌ كوردستان.

سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، له‌سه‌ر داوای مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ هه‌ماهه‌نگی فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان له‌ هیندستانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕێنرانه‌وه‌.

دزەیی زیاتر گوتی، ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ 47 كه‌س بووه‌، سه‌ره‌تا گه‌یه‌نراونه‌ته‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا و له‌وێوه‌یش به‌ پاس بۆ هه‌رێمی كوردستان گوێزراونه‌ته‌وه‌.

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو، كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆخی هیندستانی زۆر خراپ كردووه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ر هۆكارێك له‌ ماوه‌ی ڕابردوو چوونه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌، داوایان كردبوو كه‌ حكوومه‌ت هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بدات، حكوومه‌تیش به‌ده‌م داواكه‌یان چووه‌.

Back to top button