ئیسرائیل 40 پێگەی سەربازیی حەماس لەژێرزەمینەکان بۆردومان دەكات

ئەمڕۆ چوارشەم 19ی ئایاری 2021 ماڵپەری ئەلعەرەبیە بڵاوی كردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، 40 پێگەی سەربازیی حەماسیان لەژێر زەوی بۆردمان كردووە، هاوكات ئیسرائیل بەدوای سەركردەكانی حەماسەوەیە تا بیانكوژێ، لەناویاندا سەرۆك ئەركانی هێزەكانی حەماس.

بەپێی بەیاننامەكەی سوپای ئیسرائیل، ماوەی دوو رۆژە هەوڵی كوشتنی محەمەد زەیف كە سەرۆك ئەركانی هێزەكانی حەماسە دەدرێت. بەپێی بڕیاری سوپاكە، رەزامەندییان وەرگرتووە كە سەركردەكانی ئەو بزووتنەوەیە بكانە ئامانج، لە سەروویانەوە محەمەد زەیف.

بەیاننامەكە زیاتر روونی كردووەتەوە، ئەو پێگە سەربازییانەی حەماس كە بۆردمان كراون و خاپوور بوون، لە ناوچەی خانیونس و رەفەحی باشووری غەزەن.

وێڕای بوردمانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، لەلایەن حەماسەوە ئاراستەكردنی مووشەك بەڕووی ئیسرائیل بەردەوامی هەیە. لەگەڵ ئەوەی هەوڵی راگرتنی شەڕەكە لەلایەن وڵاتانەوە بەردەوامە، بەڵام بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون و شەڕەكە توندتر دەبێت.

Back to top button