فازڵ ميرانى : دەستوور نەکەنە گۆڕەپانێک بۆ موزایەداتی سیاسی، بۆ ئەوەی گەلی ئێمە ئەوەی هەیەتی لەوە زیاتر بە کۆڵیدا نەهێنینەوە

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌باره‌ى ده‌ستوور ده‌لێ : ئێمه‌ دەستوور بۆ حیزبێک و کەسێک دانانێین، بەڵکو دەستوور بۆ گەلێک دادەنێین. بەڵام پێکهاتەی ئەو گەلە ماف و ئەرکەکانیان لەناو ئەو دەستوورەدا هەبێت. دەستووریش نەکەنە گۆڕەپانێک بۆ موزایەداتی سیاسی، بۆ ئەوەی گەلی ئێمە ئەوەی هەیەتی لەوە زیاتر بە کۆڵیدا نەهێنینەوە.
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە كاتى به‌شدارى كردنى له‌ پانێلى “یەکڕیزیی سیاسی لە پێناو دەستوور” لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستووردا رايگه‌ياند: “یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێمە ئەوەیە هەموومان رەخنە دەگرین و هەموومان لە کەسێک دەگەڕێین کە بیکەینە قوربانی بەبێ ئەوەی باسی خۆمان بکەین. خودایش دەفەرمووێت: ‘أتأمرون الناس بالبر وتنسون أنفسکم وأنتم تتلون الکتاب أفلا تعقلون’ کە ئەمە باسی پیاوانی ئایین و حیزبەکانە.”
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ لۆژیکی ئەقڵ و ئەم بێئومێدییە بە کوردبوون یان بە نیشتمانبوون کە بە داخەوە ئەمە زاڵبووە بەسەر پرۆسەی سیاسیدا کە گەورەترین مەترسییە.
فازڵ میرانی گوتی: “من دەڵێم دەستوور پێویستە، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە ماف و ئەرکەکان دەستنیشان دەکات، بۆیە دەستوور پێویستە بۆ هەرێمی کوردستان. ئێمە چ وەکو بژاردە چ وەکو حیزبی سیاسی و چ ئەکادیمی، باسی تیۆری کرا کە مرۆڤێک و زانایەک ئەو تیۆرییە دادەنێت، بەڵام ئەکادیمییەکان پێویستە کۆمەڵگەیەک فەراهەم بکەن ئەو تیۆرییە بە شێوەیەکی راست و دروست جێبەجێ بکەن.”
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا فازڵ میرانی گوتی: “قورئان کتابی خودایە، ئینجیل کتابی خودایە، بە راستی دابەزیون، بەڵام ئەوانەی جێبەجێی دەکەن تاوەکو ئێستا لەو ئەرکەی خۆیاندا سەرکەوتوو نەبوونە، بۆیە بوونەتە کۆمەڵە و ئیجتهادات و گرووپ، لەبری ئەوەی یەکڕیزی پەیدا بکەن ئەو یەکڕیزییەی لە ئاسمانەوە بۆمان هاتووە بەندەکان لە خوارەوە تێکیانداوە. کەواتە خودا بەرپرسیار نییە، قورئان و ئینجیلیش بەرپرسیار نین، بەڵکو ئێمەی مرۆڤ لێی بەرپرسیارین.”
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد کە حیزبەکان تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون کە دەگەڕێنەوە بۆ مێژوو و تەنیا پیرۆزییەکان و سەرکەوتنەکانی خۆیان بە دروستی نیشان دەدەن و گوتی: “یەکێک زاتی ئەوەی نییە ئەو لاپەڕەیە هەڵداتەوە کە لە کوێ هەڵەمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو هەڵەیە دووبارە نەکەینەوە و چاکی بکەینەوە.”
فازڵ میرانی بە جەختەوە گوتی: “ئێمە دەستوور بۆ حیزبێک و کەسێک دانانێین، بەڵکو دەستوور بۆ گەلێک دادەنێین. بەڵام پێکهاتەی ئەو گەلە ماف و ئەرکەکانیان لەناو ئەو دەستوورەدا هەبێت. دەستووریش نەکەنە گۆڕەپانێک بۆ موزایەداتی سیاسی، بۆ ئەوەی گەلی ئێمە ئەوەی هەیەتی لەوە زیاتر بە کۆڵیدا نەهێنینەوە.”

 

س: رووداو

Back to top button