هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
یاریدهدهری سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی و ئابووری ئاشکرای کرد، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات.
رێباز حهملان، یاریدهدهری سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی و ئابووری رايگەیاند: “لە پلاندایە هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات، مەبەستی سەردانەکەش میکانیزمی جێبەجێکردنی بودجەی 2021ی عێراقە، بەتایبەتی ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە ماف و ئیمتیازاتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆ ئەوەی وەکچۆن لە یاساکە هاتووە بەهامنشێوە جێبەجێ بکرێت”.
سەبارەت بە مووچەی مانگی داهاتووی فەرمانبەران، گوتی: “پێشتر گوتومانە دابەشکردنی مووچە بە لێبڕین تەنها خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو داهاتانەی لەبەردەستی هەرێمی کوردستانە، کە بریتین لە داهاتی نەوت و دەروازەکان، گومرگ، باج و رسومات، ئەگەر یاسای بودجەی عێراق بچێتە بواری جێبەجێکردن و لەگەڵ ئەو داهاتەی کە هەمانە بەشی مووچە بکات، بێگومان لێبڕینی مووچە نامێنێ، ئەگەر بەشیشی نەکرد رێژەیەکی زۆر کەم لێبڕین دەبێت”.
لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، رێباز حەملان بۆ كوردستان24 ئاماژەی بەوەداوه: “پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان ئامادەکراوە و چەند جارێک هاتووەتە ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام هەندێک کەموکوڕی تێدابوو، بۆیە نێردرایەوە وەزارەتی دارایی و چاککراوە، لە کۆبوونەوەی داهاتوو دەهێنرێتە ئەنجومەنی وەزیران دواتر رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت”.