شاخهوان عهبدوڵڵا : پێگەی پارتی لە كەركووك لە فراوانبووندایە
ئەندامێكی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و كاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كەركووك رای دەگەیەنێت، پێگەی پارتی لە كەركووك لە فراوانبووندایە و دەڵێ، راستە چوار ساڵە بەهۆی ئەو خیانەتەی كە كرا، شاری كەركووكیان بەجێهێشت، بەڵام خاوەنی دەنگدەر و هاووڵاتییانی خۆیانن.
ئەمڕۆ چوارشەم 19ی ئایار، شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و كاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كەركووك، رايگەیاند، راستە پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی ئەو خیانەتەی لە كەركووك كرا و بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، چوار ساڵە شارەكەی بەجێهێشتووە بەڵام پارتی حزبێكی جەماوەرییە و لایەنگر و دەنگدەرانی دەروێشی ئەو رێبازەن جا لە هەركوێیەك بن، لەگەڵ حزبی خۆیان دەمێننەوە.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەكە، پێگەی پارتی لە كەركووك فراوانتر و گەورەتر بووە، بەپێچەوانەی هەندێك كە باس لەوە دەكەن پارتی پێگەی لە دەست داوە و پووكاوەتەوە، ئەمەش لە دوای هەڵوێستە نەتەوەییەكانی پارتی لەسەر كەركووك و ئەو حاڵەتە داگیركراوەیە كە لەو ناوچانە هەیە و سەپێنراوە بە سەریان.
شاخەوان عەبدوڵا بۆ وشە راشيگهياندووه.:” ئێستە خەڵك لەوە تێگەیشتووە بوونی پارتی لە هەر شوێنێك بێت، سەنگ و قورسایی كورد بەهێزە، پارتی لە هەر كوێیەك بێت كورد خاوەن دۆزەكەیە، تێڕوانینی خەڵكی كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەر بۆ پارتی تێڕوانینێكی نەتەوەییە، لە دەرەوەی پارتیش خەڵك هەیە كە لەگەڵ پارتی و بیروبۆچوونی ئێمەیە.”
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك روونيشى كردۆتهوه، بەو بەڵێنانەی كە دراوە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، پێش هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی پەرلەمانی عێراقە و كۆمەڵێك هەنگاو هەیە و دەنرێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت، ئەو میلیشیایانە دوور بخرێنەوە، لەگەڵ هاویشتنی ئەو هەنگاوانە، بێگومان پارتی دەنگەكانی زیاد دەكات و كاندیدەكانی سەركەوتوو دەبن.