لويس ساكۆ : هەرێمی کوردستان هەموو توانایەکی هەیە بۆ بونیادنانی هەرێمێکی دیموکراسیی خاوەن دەستوور.
سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە “کۆنفرانسی هەرێمی کوردستانی عێراق یەکڕیزی و دەستوور” بەشداریی کرد و سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ سەرخستنی سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، هیوای خواست هەولێر و بەغدا سەردانەکە بە “خێر” بقۆزنەوە.
کاردیناڵ لویس ساکۆ، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان گوتی “سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دەکەم بۆ سەرخستنی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ هەرێمی کوردستان”، هیوایشی خواست “هەولێر و بەغدا سەردانەکەی پاپا فرانسیس بە خێر بقۆزنەوە”.
سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان گوتی “پێویستە سەرکردەکان بە جیددی مامەڵە لەگەڵ وەرچەرخانە راستەقینە و گەورەکان بکەن”. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە “پێویستە دەستوورێکی مەدەنی هەبێت لەگەڵ دۆخی ئێستا بگونجێت”.
کاردیناڵ لویس ساکۆ پێیوایە کە “پێویستە خۆمان لەو یاسا کۆنانە رزگاربکەین کە پەیوەندییان بە ئازادی و باری کەسییەوە هەیە”، ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان هەموو توانایەکی هەیە بۆ بونیادنانی هەرێمێکی دیموکراسیی خاوەن دەستوور.
بە بۆچوونی سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، پێویستە یاسا و دەستوور لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و یەکسانی دابڕێژرێت “لە دەوڵەتێکی مەدەنیدا هاووڵاتی دەتوانێت کریستیان، موسڵمان یان هەر ئایینێک هەڵبژێرێت”، تێکەڵکردنی ئایینیش بە سیاسەت بە “شێواندنی ئایین و بەهاکەی” ناودەبات.
کاردیناڵ لویس ساکۆ گوتیشی، دەستووری مەدەنی گەرەنتیی یەکگرتوویی و فرەیی دەکات “دیموکراسی نابێت تەنیا رواڵەت بێت، بەڵکو دەبێت گەرەنتیی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بکات”.
سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان هەروەها سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ لەخۆگرتنی هەزاران ئاوارە.
س: رووداو