نێچيرڤان بارزانى : ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ داڕشتنی ده‌ستوور بۆ پارێزگاریكردنه‌ له‌ مافی تاك، كۆمه‌ڵ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی پرسی یه‌كڕیزی و ده‌ستوور له‌ هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ داڕشتنی ده‌ستوور بۆ پارێزگاریكردنه‌ له‌ مافی تاك، كۆمه‌ڵ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی، له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی‌ له‌ كۆنفرانسی یه‌كڕیزی و ده‌ستوور هاتوون، كه‌ له‌لایه‌ن زانكۆی كوردستان-هه‌ولێره‌وه‌ سازكراوه‌ و دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌و شته‌ی ئێمه‌ به‌رده‌وام شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ین، دروشمی پێكه‌وه‌ ژیانه‌ و ده‌بێت دڵنیایی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ش به‌ ته‌واوی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بدرێت، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی ده‌ستوورێكه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ مافی هه‌موو پێكهاته‌ و لایه‌نه‌كانی تێدا به‌رجه‌سته‌ بێت.

گوتیشی: “ده‌ستوور ته‌نیا بۆ یه‌ك حزب یان نه‌ته‌وه‌ یانیش پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ده‌ستوور ببێته‌ بنه‌مایه‌ك كه‌ هه‌موو ره‌نگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ یه‌كسانی له‌خۆ بگرێت و ئێستاش هه‌نگاو به‌ره‌و نووسینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌ ده‌ده‌ین و ده‌مانه‌وێت ئه‌و ده‌ستووره‌ ببێته‌ نموونه‌یه‌كی دڵنیایی بۆ هه‌موو لایه‌ك”.

سه‌باره‌ت به‌ یه‌كڕیزیش نێچیرڤان بارزانی گوتی: “ئێمه‌ وه‌ك حزب جیاوازی زۆرمان هه‌یه‌، به‌ڵام پێناسه‌یه‌كمان ده‌وێت كه‌ هه‌موو پێكهاته‌یه‌ك له‌ژێر چه‌تره‌كه‌یدا كۆ بكاته‌وه‌ و كه‌س نه‌ڵێت ئه‌مه‌ پارتییه‌ یان یه‌كێتییه‌ یان پێكهاته‌یه‌كی ئاینییه‌، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت له‌ رێگه‌ی ئه‌و پێناسه‌یه‌ هه‌موو كه‌سێك ئه‌رك و مافه‌كه‌ی له‌و وڵاته‌دا بزانێت و هه‌ست به‌ هاووڵاتیبوونی خۆی بكات”.

هه‌روه‌ها گوتی: “ئه‌و بنه‌مایانه‌ی تا ئێستا پارێزگارییان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، ئه‌و پێكه‌وه‌ بوونه‌ بوو كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ پێیه‌وه‌ پابه‌ندبووین، گرنگترین نموونه‌ش بۆ ئه‌وه‌، ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ بوو كه‌ له‌ شه‌ڕی داعش به‌یه‌كه‌وه‌ نیشانماندا و هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌ست له‌ناو ده‌ست رووبه‌ڕووی بووینه‌وه‌”.

له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غداش، له‌ دوای ساڵی 2003 گوتی: ” :ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ دوای ساڵی 2003 بده‌ینه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر بپرسین، ئایا تا ئێستا به‌غدا مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی داوه‌، بێگومان وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌خێره‌. ئه‌گه‌ر له‌ هاووڵاتییان بپرسین، ئایا ئێوه‌ی هه‌ست به‌ دڵنیایی ده‌كه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا؟ گومانی تێدا نییه‌ كه‌ وه‌ڵامی ئه‌مه‌ش هه‌ر نه‌خێره‌. ئه‌گه‌ر پرسیاری ئه‌وه‌ش بكه‌ین، كه‌ ئایا هیچ سوودێكمان له‌ په‌رته‌وازه‌یی بینیوه‌؟ ئه‌مه‌ش هه‌ر نه‌خێره‌، تا ئێستا به‌غدا پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵه‌ ده‌ستووریانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ بۆ له‌مه‌ودوا ده‌بێت ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بكه‌ینه‌ بنه‌مای داهاتوومان، كه‌ به‌یه‌كڕیزی به‌ده‌ستمان هێناون”.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: “ئه‌گه‌ر پشتیوانی و تێگه‌یشتنی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نه‌بووایه‌ له‌ دۆخی بێمووچه‌یی، هه‌رگیز هه‌رێم نه‌یده‌توانی تا ئێستا به‌مشێوه‌یه‌ خۆڕاگر بێت و به‌رگه‌ی سه‌ختییه‌كان بگرێت”.

ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش كرد به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌شدارییان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی بكه‌ن و گوتی: “ده‌بێت هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ حكومه‌تدا به‌شدارن، هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی بكه‌ن و ئه‌ركی خۆی به‌رامبه‌ر پارێزگاریكردنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ستمان هێناون، جێبه‌جێ بكه‌ن. ده‌بێت هه‌موومان پێكه‌وه‌ ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ تێپه‌ڕێنین و ده‌ستوورێك دابڕێژین، كه‌ ره‌زامه‌ندی و ته‌وافوقی هه‌موو لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر بێت”.

گوتیشی: “قۆناغێكی هه‌ستیارمان له‌پێشه‌، ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌ و ده‌بێت هه‌موو به‌ یه‌كده‌نگی تێیدا به‌شدار بین، تا ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ تێپه‌ڕێنین و ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست بهێنین”.

 

Back to top button