نەخۆشخانەی پار (لاهور جەنگی) بەدرۆ داخاتەوە
میدیاكانی سەر بە لاهور جەنگی لەبارەی كەیسی ئەو نەخۆشەی كە لە نەخۆشخانەی پار بانگەشەی ئەوەی دەكرد، بەهۆی نەبوونی پارەوە وەك بارمتە هێڵدراوەتەوە، بەدرۆ دەخرێنەوە.
لە چوارچێوەی ئەو بانگەشانەی لاهور جەنگی بۆ تەخشان و پەخشانكردنی ئەو پارەیە دەیكات كە لە ڕێگەی نایاسایی و بە دزینی داهاتی سلێمانی و قاچاخچێتیی مەرزەكان دەستی دەكەوێت، هەرچەندە زۆربەی زۆریان بانگەشەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن و لە ئەرزی واقیعدا هیچ راستییەكیان نییە، میدیاكانی لاهوور بانگەشەی ئەوەیان كرد كە گوایە سەردەستەكەیان خەرجیی ئەو نەخۆشەی لە ئەستۆ گرتووە كە لە نەخۆشخانەی (پار) لە هەولێر بۆتە جێی باسی خەڵك.
نەخۆشخانەی پار هەواڵی چەند میدیایەكی “ئاڕاستەكراو” رەتدەكاتەوە كە ئاماژەیان بەوەكردووە، لاهور شێخ جەنگی- هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تێچووی چارەسەری ئەو نەخۆشە بەڕەگەز عەرەبە( ئالودەبوو بەماددەی بێهۆشكەر)ی گرتووەتە ئەستۆ كە ماوەی 50 رۆژە زیاتر لەنەخۆشخانەكەیەو لەلایەن تیمی پزیشكییەوە چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجامدراوە.
نەخۆشخانەی پار لەروونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردووەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە: ماوەی چەند ڕۆژێكە بابەتی نەخۆشێكی نەخۆشخانەكەمان بووەتە بابەتی میدیایی چەند كەناڵێكی ئاراستەكراو، ئەو كەناڵانەی تا ئێستاش داهاتەكانیان ڕوون نییەو نازانرێ لەكوێوە ئاراستە دەكرێن و بەشێك لە ئامانجەكانیان تێكدانی كۆمەڵگاو گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەكانە.
ئەوەش خراوەتەڕوو: ئێمە لەنەخۆشخانەی پاڕ لە ڕوونكردنەوەی پێشووشمان راستی ئەم بابەتەمان خستەڕوو، بەشێكیش لە كەناڵە میدیاییەكان پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەكە كرد، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە ئینسانیە كراوەتە بابەتێكی سیاسی و دەیانەوێ لە پەنای ئەم بابەتەوە ئەسڵی بابەتەكە بشێوێنن و شكست و ئابڕووچوونە سیاسییەكانی خۆیانی پێ داپۆشن.