سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم: ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكان چه‌سپاندنی یاسا و دادپه‌روه‌رییه‌.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم له‌كاتى پێشوازى كردنى له پارێزه‌رانی كه‌یسی ژماره‌یه‌ك حوکمدراوان رايگه‌ياند: ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌رگای كراوه‌یه‌ بۆ پارێزه‌ران و ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكان چه‌سپاندنی یاسا و دادپه‌روه‌رییه‌. ده‌شلێت: پارێزه‌ران كه‌ به‌ (دادوه‌ریی وه‌ستاو يان قضاء الواقف) ناسراون، رۆڵی خۆیان بگێڕن له‌ كاركردنی پیشه‌ییانه‌ و لە چوارچێوەی یاساكان، به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دادگاكان بپارێزرێت و تێكه‌ڵ به‌ بابه‌ته‌ سیاسیه‌كان نه‌كرێن و له‌ راگه‌یاندنیش مامه‌ڵه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌یسانه‌دا بكرێت.

ده‌قى راگه‌يێندراوى راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان :.

ئه‌مرۆ دادوه‌ر به‌نگین قاسم محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم ئه‌مرۆ پێشوازی كرد له‌ پارێزه‌رانی كه‌یسی ژماره‌یه‌ك حوکمدراوان كه‌ پێش ماوه‌یه‌ك له‌ دادگای تاوانه‌كانی هه‌ولێر، حوكمدراون.

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا، پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ وێڕای سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پێشوازی و دانیشتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، لائیحه‌یه‌كی راستكردنه‌وه‌ی بڕیاری پێداچوونه‌وه‌یان (لائحه‌ التصحیح القرار التمییزی) پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كرد و داوایان كرد به‌ پێی رێكاره‌ یاساییه‌كان ئه‌و لائیحه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه‌وه‌ كاری پێویستی بۆ بكرێت.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وێڕای به‌خێرهێنانی گه‌رمی پارێزه‌ران، رایگه‌یاند كه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌رگای كراوه‌یه‌ بۆ پارێزه‌ران و ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگاكان چه‌سپاندنی یاسا و دادپه‌روه‌رییه‌. دوای وه‌رگرتنی لائیحه‌ی راستكردنه‌وه‌ی بڕیاری پێداچوونه‌وه‌ له‌ پارێزه‌ران، به‌ڕێزسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گوتی كه‌ ئه‌و لائیحه‌یه‌ پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ی تایبه‌تمه‌نمدی دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌كرێت و وه‌ك هه‌موو كه‌یسێكی دیكه‌ به‌ پێی رێكارو میكانیزمه‌ یاساییه‌كانی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها داواشی كرد پارێزه‌ران كه‌ به‌ (دادوه‌ریی وه‌ستاو يان قضاء الواقف) ناسراون، رۆڵی خۆیان بگێڕن له‌ كاركردنی پیشه‌ییانه‌ و لە چوارچێوەی یاساكان، به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دادگاكان بپارێزرێت و تێكه‌ڵ به‌ بابه‌ته‌ سیاسیه‌كان نه‌كرێن و له‌ راگه‌یاندنیش مامه‌ڵه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌یسانه‌دا بكرێت.

له‌ كۆتاییشدا، پارێزه‌ران دووباره‌ سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و راوێژكار و به‌ڕیوه‌به‌ری گشتی ئه‌نجومه‌ن كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی داواكارییه‌كانیان.

ب. راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان
20/5/2021

Back to top button