یەکەم ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە خانەقین دروست کرا

دوای بڕیاردان لەبارەی دروستکردنی چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان، یەکەم ژووری ئۆپەراسیۆن لە شاری خانەقین دروست کرا، بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، دروستکردنی ژوورەکان دەستی پێکردووە و لە چەند ھەفتەی داھاتوودا تەواو دەکرێن.

ئەکبەر حەیدر، جێگری بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، رایگەیاند، وەکو یەکەم ھەنگاو ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی ھێزی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە لە خانەقین دروست کرا، کە ژوورەکە لە ١٠ کەس لە ھەردوولا پێک ھاتووە و ئێستا کاری خۆیان دەکەن.

حەیدەر بۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاندووە، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن لە ھەر شوێنێک بۆشایی ئەمنی یان جموجۆڵی داعش هەبێت، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام بدرێت و ئەو مەترسییەی لە ناوچەکەدا ھەیە، نەمێنێت.

لای خۆشیەوە، عەمید عوسمان ریشە، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، دروستکردنی ژوورە ھاوبەشەکان دەستی پێکراوە کە پێشتر ئەوانەی ھەولێر و بەغدا دروست کراون و ئەوانەی ئێستاش ھەر چواری کە دەستبەکار بوون، پلانیان دەبێت بۆ ئەوەی ناوچەکە بپشکنن و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەو ناوچانە ئەنجام بدەن.

عەمید عوسمان باسی لەوەش کردووە، لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوودا دروستکردنی ھەر چوار ژووری ھاوبەش تەواو دەبێت و کاری خۆیان دەکەن.

 

Back to top button