پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكی 8ی حەسارۆك دەستپێدەكات

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانێكیدا بۆ سەر زەوییەكانی گەڕەكی 8ی حەسارۆكی شاری هەولێر بڕیاری دا بە پێدانی مۆڵەتی بیناكردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەكە، كۆبوونەوەیەكی فراوان بەڕێوە چوو و تێیدا چۆنیەتی دەسپێكردنی پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شوێنەكە تاوتوێ كرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (20ی ئایاری 2021) لە دیوانی پارێزگەی هەولێر، بە سەرپەرشتی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە بەشداری ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی شارەوانی و پارێزگەی هەولێر، بە مەبەستی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكی 8ی حەسارۆك، كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و فەرمانگەی پەیوەندیدار بە بابەتەكە بەڕێوە چوو.

لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی میكانیزم و چۆنیەتی گەیاندنی خزمەتگوزاری و دەستپێكردنی پرۆسەی پەرەپێدان و جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە گەڕەكی 8ی حەسارۆك تاوتوێ كران بۆ ئەوەی بەزووترین كات بڕیاری گەیاندنی خزمەتگوزاری لەو گەڕەكە جێبەجێ بكرێت و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان بكرێت لە هەموو رووێكەوە.

 

Back to top button