كه‌مال كه‌ركووكى: تەنھا داعش مەترسی نیە، حەشدی شەعبی بەھەمان شێوەی داعش مەترسین بۆ کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکان.

دکتۆر کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک ـ گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە مەترسیەکانی داعش لەسەر کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکان و رێکەوتنی پێشمەرگەو سوپای عێراقی و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و گەرانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکان زانيارى نوێ ى خسته‌روو.

دکتۆر کەمال کەرکووکی رايگه‌ياند :” ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، پرۆژەیەکمان ھەبوو بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دوای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر ، کە بووە ھۆی لەدەستدانی زیاتر لەنیوەی کوردستان  و داگیربکرێت و دەسەڵاتی کورد و رۆڵەکانی کورد رۆڵیان نەمێنێت بەڵکو ئیھانەش بکرێن لەو ناوچانە.

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک ـ گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ كوردستان 24 گوتيشى :” پرۆژەکەمان لە چوار خاڵ پێک ھاتبوو :

يه‌كه‌م :  مەلەفی سەربازی؛ پێشمەرگەو سوپا لەدەرەوەی شارەکان بەھەماھەنگی شوێنەکانیان ژمارەیان لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێرق و وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان دیاری بکرێت، سەنتەرێکی ھەماھەنگی ھەبێت لە K1 کەلەوێوە سەرپەرشتی ئەوھێزانەبکەن بۆ پاراستنی ئەوناوچانە لە ھەرحاڵەتێکی نەخوازراوی تیرۆرستان دژی دانیشتوانی ئەوشوێنانە.

دووه‌م : مەلەفی ئەمنی؛ شارەکان چۆڵ بکرێت لەحه‌شد، لە حەشدی عەشایەری و ملیشیاکانی حه‌شدی شه‌عبی، ئەمانە لەگەڵ پۆلیسی ئیتحادی و سوپا، بچنە دەرەوەی شارەکە، کە لەسەر ئەوە رێکەوتن کرا، كه‌ لە ملتەقابێت شوێنەکانیان.

سێيه‌م: مەلەفی سیاسی ؛ بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی گەلی تورکمان بدرێتەوەو بەربەست لەپێش ئاڵای پیرۆزی کوردستان ھەڵبگیرێت، بازگەکان بدرێتەوە پۆلیس و بەرێوبەرایەتی بەزگەکانی شارەکە.

چواره‌م : مەلەفی کارگێری چاک بکرێت و لەوزوڵمەی بەسەر فەرمانبەرە کوردەکان ھاتووە نەمێنێت، پارێزگاری نایاسایی و سەپێندراو بگۆردرێت.

سەبارەت بەھەماھەنگی پێشمەرگەو سوپا. كه‌ركووكى گوتی؛” لەمەلەفی سەربازی پێشمەرگەو سوپای عێراق دیارە تاحەدێک چونەتە پێش کە چوار سەنتەری ھەماھەنگی دابنرێت لە خانه‌قین و کەرکووک و مەخمور و موسڵ، دەبێت یەکشەمەی داھاتوو کۆتا دانیشتن ببێت، بۆ ئەوەی ئەندامان دابنرێت، سەرەتایەکی باشە بەشەرتێک رەچاوی لیژنەکان بکرێت، ئەولیژنەی کە دائەنرێت بۆ ھەماھەنگی کەموو زیادی تێدانەبێت بۆ لایەنەکان.

دكتۆر كه‌مال كه‌ركووكى ، سەبارەت بەسەردانی وەزیری بەرگری عێراق بۆ کەرکوک و راگەیاندی بەئاشکرا داعش مەترسیە بۆ سەر کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکان گوتی:” دەست خۆشی لە وەزیری بەرگریی عێراق دەکەم، بەس وتەکەی تەکمیلە دەکەم، نەک تەنھا داعش مەترسیە لەسەرناوچەکە، حەشدیش بەھەمان شێوە مەترسیە بۆ ناوچەکە، چونکە میلشیاکانی حەشد ئێمە خەڵکی ناوچەکەین دەیان ناسین، داعشیان كردۆتە حه‌شد، مەترسیەکە لێرەیە، بەناو گوایە میلیشیاکانی حەشد دەیپارێزن، لەکاتێکدا خۆیان داعشن، ناسنامەیان پێدراوە، موچەی مانگانەیان ھەیە سەیارەیان پێدراوە شوێنیان پێدراوە، لە ناوەرۆکیشدا داعشن! وەزیری بەرگری نیەتی پاکە، بەڵام ھەتا حەشد لەو ناوچانە بمێنێت، داعش بەبه‌ردەوام جموجوڵی دەبێت و کارە تیرۆرستیەکانی بەردەوام ئەبێت. ھێزە ئەمنیەکان ناتوانن ئەوناوچانە بپارێزن ، چونکە خەلەل ھەیە، ئیدارەو داعش تێکەڵە حه‌شد و داعش تێکەڵە، سوپای قوربەسەر بەتەنھا چ دەتوانێت بکات.”

سەبارەت بەدۆخی کەرکووک کەلەوپەری خراپیدایە تيرۆرستانى داعش و عەرەبی ھاوردەو سوتانی دەغلودانی جوتیارانی کورد و دەرپەراندنی کوردانی ناوچەکە، دەبێت چ بکرێت؟ دکتۆر کەمال كه‌ركووكى روونى كرده‌وه‌:” دۆخی ناوچە داگیرکراوەکان دەبێت ئاسایی بکرێتەوە، کەئاسایی کرایەوە دەتوانن ئەوناوچانە لە داعش پاک بکەنەوە، کەداعش لەوپەری ھێزدا بوو، پێشمەرگە لەموسلەوە تا خانەقین بووە قەڵغان و توانی پاشەکشە بەداعش بکات و ناوچەکە بپارێزێت و راویان بنێت، سوپا و پۆلیسی عێراق چ چەک و تەکنەلۆژیایی رۆژئاوا لە دەستیان بوو دابوویان پێیان لە گەڵ سەروەت و سامانی ئەوناوچانە بۆیانی بەجێ ھێشت. ئێستەش دەبێت حکومەتی عێراق بە جورئەتەوە بێتە پێش، قسەی باش دەکەن لەسەر کاغه‌ز دەنوسن لە کەناڵەکان لێدوانی باش دەدەن، بەڵام بەکردەوە چیان کردووە؟ ھیچ نەبێت دەبێ بودجەی ھەرێمی کوردستان بدرێت، دەبێت کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکان ئاسایی بکرێتەوە. پارێزگاری کەرکووک کە کەسێکی عونسری حاقدە چۆن سه‌ددام شارەکەیان داگیرکرد، ئەنفالی کرد کیمابارانی کرد خەلکی بێ سەرشوێن کرد و پارەچە پارچەی کرد، دەبێت ئەم خەڵکانە لابدرێن و دوربکەونەوە، خەڵکێکی دڵسۆز کەلە ھەموو پێکھاتەکاندا کەسی باش ھەیە، لە عەرەب و تورکمان و مەسیحی ، خەڵکی باش ھەن، دەبێت ئەمانە ئیدارەی شارەکە بکەن.”

سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقيش. كه‌ركووكى گوتی؛ یاسایی ھەڵبژاردن دژی کورد و کوردستانە، بەتایبەتی دژی ناوچەکانی دەرەوی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانە، پیلانێک لەو یاساییەدا دارێژراوە بەنایاسایی و دژی دەستوری عێراق، بۆ ئەوەی کورد لەوناوچانە ببێتە نەتەوەی دووھەم یان سێيه‌م بۆ نموونە؛ لەکەرکوک سێ بازنەھەیە ، بازنەی یەک پێنج کورسی بۆ دانراوە، زۆرینەی دانیشتوانی ئەوسنورە کوردن، بۆ ھەر کورسیەک لەو بازنە ( ١٣٢٢٨٥ )دەنگ دانراوە، بەڵام لە حەویجە بۆ کورسیەک (٩١) ھەزار دەنگ دانراوە، بۆ ئەوەی کورسی ئەوان زیاتر بێت، ئەوە سێ کورسی بەتەواوی بۆ ئەوان دەبێت، واتا عەرەب لە کورد زیاتر دەبێت، ژمارەی کورسیەکانیان لە تورکمانیش زیاتر دەبێت. بەم دابەش بوونە بێت کورد نابێتە نەتەوەی یەکەم لەم ھەڵبژاردنە، بەداخەوە پەرلەمانتارەکانمان دەنگیان بۆدا، ئەم بازنانە بەم شێوەیە ئەمە تاوانێکە کردیان. من داوا لە ھەموو کوردێکی دڵسۆز دەکەم تەعن لەم یاساییە بدەن، چونکە ئەم یاساییە پێچه‌وانه‌ى مافی مروڤ و پێچه‌وانه‌ى دادپەروەرى و مادەی «٤٩»ی دستووری عێراقە، بەمە پیلانێک دانراوە کە ھەڵبژاردن بکرێت و، لەمێژووی کەرکووک تائێستە لە ھیچ ھەڵبژاردنێک ژمارەی ھیچ پێک ھاتەیەک نەکەوتۆتە پێش کورد، ئەم جارە لەم ھەڵبژاردنە ئەم ھەموو موئامەرەیە دانراوە و مەترسی زۆرمان ھەیە گەر ئەنجام بدرێت، بازنەکان ھەڵەن سەرتاپایی دژبەدەستوری عێراقە، باشترە عێراق یەک بازنە بێت یان ھەر پارێزگایەک یەک بازنەبێت بۆ ئەوەی دادپەروەری ھەبێت.

سەبارەت بەگەرانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک بەبێ چەک و ئاڵای پیرۆزی کوردستان. سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى كه‌ركووك – گه‌رميانى پارتى گوتی:” ئێمە داوامان کردووە لە حکومەتی عێراقی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، بەکەرامەتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بگەرێتەوە، بەو شێوەیەنەبێت، ژێردەستەیی و فشاری چەکدارانی میلیشیاکانی حەشد و شوڤینێکان رەتدەکه‌ينەوە، ھەموو لەوەختی خۆی بریاری لێدەدرێت، سه‌ركردايه‌تى پارتی لەدەستێکی ئەمینە، بەدڵنیاییەوە زۆر بەھەستیاری بابەتەکەیان وەرگردووە، لەکاتی خۆیی ھەموو بریارێک دەدرێت.

سەبارەت بەمەترسی داعش، کەحەشد و سوپا ناتوانن پێشیان پێبگرن، گەر مادەی «١٤٠» جێ بەجئ نەکرێت و پێشمەرگە نەگەرێتەوە، مەترسی لەسەر کەرکووک ھەیە وەک مووسڵ داگیربکرێت ؟ دکتۆر کەمال گوتی:” بە دڵنیاییەوە چ ئەوانەی ئێستە لە ئیدارەدان ھەندێکیان دەستیان ھەیە و چ ئەوانەی پارێزگاری لە ناوچەكه‌ ده‌کەن بەناوی میلیشیای حه‌شدەوە، ھەندێکیان پێیان خۆشە کەرکووک داگیر بکرێت و بکەوێتە دەستی داعش، مەترسیەکە یەکجار زۆرە، بەدووری نابینم کەرکوک ئاسایی نەکرێتەوە، پێشمەرگەو دڵسۆزەکانی کوردستان رۆڵی خۆیان نەبینن، ئەو حاڵەتە واردەو روشدەدات و كاره‌ساتى زۆری لێ دەکەوێتەوە.

Back to top button