كاسبكارانی بازاڕی له‌نگه له‌لايه‌ن به‌رگرى شارستانى هه‌ولێر دڵنيايى پێ ده‌درێت
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر ئاگر له مۆلیده‌یه‌ك له نزیك بازاڕی له‌نگه‌ی شه‌قامی 40 مه‌تریی شاری هه‌ولێر كه‌وته‌وه، به‌ڵام ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی به‌رگری شارستانی و تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه گه‌یشتنه شوێنی رووداوه‌كه و ئاگره‌كه‌یان كۆنترۆڵ كرد. لە ڕوونكردنەوەیەكدا له و باره‌يه‌وه بەرگری شارستانیی پارێزگای هەولێر ده‌لێ: ئاگرەكە پەیوەندی بە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێرەوە نەبووە به‌لكو له باخچه‌يه‌كى ئه‌و سنووره بووه.
بەرگری شارستانیی پارێزگای هەولێر له روونكردنه‌وه‌كه‌يدا هاتووه:” کەمێک پێش ئێستا ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە نزیک لەنگەی هەولێر ڕووی داوە، لە باخچەیەک كە تەنها پاشماوەی لێ بووە.”
به‌رگرى شارستانى هه‌ولێر ده‌شلێت:” ئاگرەکە هیچ پەیوەندییەكی بە بازاڕی لەنگەوە نییە و پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات، چونکە تەلەفۆنێکی زۆرمان بۆ دێت لەلایەن کاسبکارانی لەنگەوە، هیچ مەترسییەک نیە لەسەر بازاڕەکە.”