لەسەر ڕاسپاردەی پارێزگاری هەولێر دەست بەچاککردنی ڕێگای ( میراوە – ماوەران، بەرەو شەقڵاوە) کرا

لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ کەمکردنەوەی قەرەبالغی ناو شەقڵاوە بەتایبەتی لەڕۆژانی پشوو و بۆنەکان و دروستنەبوونی خنکان و قەرەباڵغی لە ڕێگاکە بەتایبەتی لەدەربەندی شەقڵاوە کەشوێنێکی بەرتەسکە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاکانی هەولێر، سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕێگاوبانی هەولێر، دەستیانکرد بە چاککردنی ڕێگای( میراوە-ماوەران بەرەو تونێلی تەواونەکراوی شەقڵاوە).

ئەم ڕێگایە کە بەشێکی گرنگی ڕێگای هاملتۆنە و ڕێگایەکی بازرگانی و گەشتیارییە، لەکاتی ڕوودانی هەر کێشەیەک و ڕووداوێکی نەخوازراو، ڕاستەوخۆ دەبووە هۆی خنکان و جەجاڵی لەڕێگاکە، بۆیە پارێزگاری هەولێر فەرمانی دا ڕێگاکە لەزووترین کاتدا چاکبکرێت، دوای فەرمانه‌كه‌ دەست بەچاککردنی ئەو ڕێگایە کرا بۆ دابینکردنی ڕێگایەکی تر بۆحاڵەتە نەخوازراوەکان و گەیشتنی تیمەکانی فریاکەوتن بۆ هەرڕووداوێکی نەخوازرا و کەمکردنەوەی کاتی گەشتکردنی هاوڵاتییانە لەنێوان هەولێر و ناوچەکەدا بەگشتی.

گرنگی چاککردن و دروستکردنی ڕێگاکە کەمکردنەوەی ئەگەری کەوتنەوەی ڕوداوەکانی هاتووچۆ بەتایبەتی لەبەشی لای سۆرکی شەقڵاوە تاکو دەربەندی شەقڵاوە، چونکە لەپێشتردا بەهۆی تەسکی ڕێگاکەوە بەدەیان کێشەی کۆمەڵایەتی و ڕووداو لەنێوان شوفێران بەهۆی پێشکەوتنی یەکتر و چوونە سەر شۆڵدەر دروست دەبوو و کارەسات و ڕووداوی دڵتەزێنی لێدەکەوتەوە.

Back to top button