هەدەپە بۆ سەرۆك بارزانی: ببە سەرۆك و ڕابەرمان
نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان، داوایەك بۆ سەرۆك بارزانی بەرز دەكاتەوە كە ڕابەرایەتی هەموو حزب و گرووپ و ڕێكخراوە شۆڕشگێڕییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بكات، چالاكێكی باكوری كوردستان دەڵێت، سەرۆك بارزانی یانی هێز و نوێبوونەوەی شۆڕش.
ئێوارەی دوێنێ محەمەد شەریف ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبردنی هەدەپە لە باشوری كوردستان، لە بەیاننامەیەكی هەدەپەدا ئاماژەی داوە، داوایەك بۆ سەرۆك بارزانی بەرز دەكاتەوە كە ڕابەرایەتی هەموو حزب و گرووپ و ڕێكخراوە شۆڕشگێڕییەكانی كوردستان بكات.
محەمەد شەریف زیاتر گوتی، بانگەوازی سەرەكیمان بۆ سەرۆك مەسعود بارزانییە، نەك وەك ئەوەی كە سەرۆكی پارتییە، بەڵكو لەبەرئەوەی كە لە تەمەنێكی بچووكەوە لەناو شۆڕشی كوردستاندایە، بەهۆی ئاشنابوونی لە جیهانی نێودەوڵەتیدا، بۆیە دەمانەوێ ڕۆڵی خۆی ببینێت و بانگ لە هەموو پارت و ڕێكخراوە كوردییەكان بكات بۆ یەكڕیزی و یەكێتی نەتەوەیی كورد و خۆشی ڕێبەڕایەتی بكات، هەر پارت و لایەنێك بەشداریی نەكات، دەبێت ڕەخنەی لێ بگیرێت، چونكە ئەمڕۆ كاتی ئازادی و كاتی یەكگرتنە و دەبێت خەون و خەیاڵی نزیكەی 50 ملیۆن كەسی كورد بەدی بهێنین.