وەزیری پەروەردە: كاریگەری كۆرۆنا لەسەر پەروەردە كەمتر بۆتەوە

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، كاریگەریی كۆرۆنا لەسەر كەرتی پەروەردە و فێركردن بەراورد بە رابردوو كەمتر بۆتەوە.

ئەمڕۆ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لەڕێوڕەسمێكدا لەناوچەی بارزان قوتابخانەیەك كرایەوە كە لەلایەن دەزگای روانگە بە بڕی زیاتر لە 330 هەزار دۆلار دروستكراوە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، لەدەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە 42 قوتابخانە جیا لەم قوتابخانەیە كەوتوونەتە بواری خزمەتكردنەوە، بەشێكیان ئەو پڕۆژە تەواونەكراوانە بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی كردن، بەشێكیشیان بە هاندانی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوكران، بەشێكی دیكەیان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان تەواوكران، بەشی چوارەمیشیان لەلایەن رێكخراوەكان، كۆمپانیاكان و وەبەرهێنەرانی كوردستان بووە كە بە خۆبەخشانە ئەم كارەیان كردووە و پێشكەشی وەزارەتی پەروەردەی كردوون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەسەر پەروەردە كەمتر بوونەتەوە، بەپێی نوێترین ئامار كە یونسكۆ پێشكەشی دەكات، داخستنی قوتابخانەكان لە جیهان تاڕادەیەك كەمتر بووەتەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەروەها دابڕانی قوتابیان و كادری تەدریسی لەنێو ناوەندەكانی خوێندن بەراورد بەساڵی رابردوو كەمتر بووەتەوە.

Back to top button