لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە له‌ چەواشەكارییەكانی میدیای لاهور جەنگی دژی ئاژانسی پاراستن له‌ په‌رله‌مان پێكهێنرا

حیكمه‌ت محه‌مه‌د، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی ناوخۆ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دراوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر تۆمه‌تباركردنی ده‌زاگایه‌كی یاسایی هه‌رێمی كوردستان بكرێت و بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت.

حیكمه‌ت محه‌مه‌د گوتی: “له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌كه‌مان سه‌باره‌ت به‌ تۆمه‌تباركردنی یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، كه‌ گوایه‌ “جه‌وهه‌ر ئاغا هه‌ركی” ژه‌هرخوارد كراوه‌”.

گوتیشی: “ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی كردووه‌، گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ به‌رپرسی ئاژانسی پاراستنیش داده‌نیشین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ خه‌ڵك روونبكرێته‌وه‌ و ئاشكرا بكرێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێك نیازی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ ئه‌م كاره‌ بكات، تا رێكاری یاسایی له‌گه‌ڵدا بگیرێته‌به‌ر، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش راست نه‌بێت، ده‌بێت بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت و چیدیكه‌ ده‌زگایه‌كی یاسایی هه‌رێمی كوردستان تۆمه‌تبار نه‌كرێت”.

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ كوردستان 24 روونیكردۆته‌وه‌، ئه‌نجامی كوبوونه‌وه‌كه و‌ بڕیاری لیژنه‌كه‌مان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین، دوای وه‌رگرتنی بڕیار‌‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ به‌ زوووترین كات ده‌ست به‌ لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ین.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتی حیكمه‌ت محه‌مه‌د، بڕیارده‌ری لیژنه‌كه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ (بالانبۆ محه‌مه‌د، عه‌بدولناسیر ئه‌حمه‌د، یاسین خضر ته‌ها و ئه‌رشد حسێن)ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو، دوای ئاراسته‌كردنی راپۆرتێك بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، لیژنه‌كه‌ له‌ راستی بابه‌ته‌كه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌.

 

ڕۆژی ٢٢ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی پاراستن راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاشكرای كرد: ”لە چەند سایت و پەیجێكی سەر بە لاهور جەنگی بابەتێكی چەواشەكارانە و بەپێی سناریۆیەکی بێ بنەما بڵاو كراوەتەوە كە گوایە هەوڵی ژەهرخواردنكردنی چەند كەسێك دراوە و لەكاتی داڕشتنی هەواڵەكەیاندا ناوی ئاژانسی پاراستنیشیان هێناوە“.

جەختیشی كردەوە: ”وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو چەواشەكارییە ڕەتدەكەینەوە، جەختیش لەوە دەكەینەوە كە هۆنینەوەی درۆی شاخداری لەمشێوەیە ئەوپەڕی نابەرپرسیاریەتیی ئەو كەس و لایەنانە نیشان دەدات كە لەپشتەوەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ناڕاستی و چەواشەكارییانەن.

بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە كە جەماوەری سەربەرزی هۆزی هەركی، بە پەیوەندیكردنی جەوهەر هەركی بە تاقمی خیانەتكاری شازدەی ئۆكتۆبەر نیگەران بوون و لە بەرانبەر ئەوەشدا، میدیای سەر بە لاهوور بە بڵاوكردنەوەی ئەو درۆ بێبنەمایانە، بەنیازە سۆزی هۆزی هەركی بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و بۆ هەڵبژاردنەكان چەند دەنگێكیان بەدەست بێنن“.

لە كۆتاییشدا ئەوە ئاشكرا كراوە كە لەسەر ئەو ناوزڕاندنەی میدیاكانی تاقمی شازدەی ئۆكتۆبەر، ”بە مافی خۆمان دەزانین داوای یاسایی لەسەر ئەو كەسانە تۆمار بكەین كە لە پشتەوەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە بابەتەن و داواش دەكەین لێكۆلینەوەیەكی دادپەروەرانە لەژێر سەرپەرشتیی پەرلەمان و نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت و كۆی ئەو چەواشەكارییە بۆ گشت لایەك ئاشكرا بكرێت“.

Back to top button