روونكردنه‌وه‌يه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بۆ ڕای گشتی

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی چوار خاڵى سەبارەت بەو نەخۆشەی كە لە یەكێك لە نەخۆشخانە تایبەتەكانی شاری هەولێر دوای نەشتەرگەری و وەرگرتنی چارەسەر گوایە لەبەر نەدانی پارە ڕێگری لێدەكرا لە چوونە دەرەوە، بڵاوکردەوە و له‌ يه‌كێك له‌ خاڵه‌كان ده‌لێ:نەخۆشخانە لە تەواوی خەرجی نەخۆشەكە خۆشبووە جگە لەو پارەیەی سەرەتا لە نەخۆشەكە وەرگیراوە بەمەبەستی نەشتەرگەری و هیچ كەس و لایەنێكی دیکە پارەی بۆ نەخۆشەكە نەداوە تا ئێستاش. .

دەقی روونکردنەوەکەى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان:

هەروەک بەڵێنمان دابوو دوای لێکۆڵینەوەکردن، ڕای گشتی لە دەرەنجام و وردەکاریەکان ئاگادار بکەینەوە

دوابەدوای بەدواداچوونی دەستبەجێ و پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەتی لێکۆینەوە بە ئامادەبوون و چاودێریکردنی دادوەر و نوێنەری داواکاری گشتی و سەرپەرشتی بەڕێز وەزیری تەندروستی سەبارەت بەو نەخۆشەی كە لە یەكێك لە نەخۆشخانە تایبەتەكانی شاری هەولێر دوای نەشتەرگەری و وەرگرتنی چارەسەر گوایە لەبەر نەدانی پارە ڕێگری لێدەكرا لە چوونە دەرەوە، دوای سەردانیكردنی لێژنەكانی پشكنین و بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری سەلمێنراو لەسەر ئەم كێشەیە و لێکۆڵینەوەکردنی یاسایی و مەیدانی لەم بابەتە، دەرەنجام گەیشت بەم ئەنجامانەی خوارەوە:

١- نەخۆشخانە ژیانی نەخۆشەكەی لە مەترسی رزگار كردووە و خزمەتێكی باشی نەخۆشەكەی كردووە لە ڕووی چارەسەر و ئەركی نەخۆش، وە لەبەر وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەكە ماوەتەوە چونكە سەرەڕای نەشتەرگەری و تێكچونی باری تەندروستی، هەر خۆی نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە بۆیە پێویست بووە تا ماوەی چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.

٢- خزمەتگوزاری پزیشکی بەشێوەیەكی ڕێكوپێك پێشكەش بە نەخۆش كراوە، نەخۆشخانە درێغی نەكردووە لەمە، دوای بینینی کامێڕای چاودێری نەخۆشخانە ئەوەی كە دەگوترا بە دانانی پاسەوان و نەخۆش زیندانی كراوە دوورە لە ڕاستی.

٣- دوای باشبوونی باری تەندروستی و لەسەر داوای نەخۆش و لەبەر باری دارایی نەخۆش گواستراوەتەوە بۆ یەكێك لە نەخۆشخانە حكومیەكان، دوای ئەوەی جارێکی تر رازینەبووە لەوێ بمینێتەوە دووبارە گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەی ناوبراو.

٤- نەخۆشخانە لە تەواوی خەرجی نەخۆشەكە خۆشبووە جگە لەو پارەیەی سەرەتا لە نەخۆشەكە وەرگیراوە بەمەبەستی نەشتەرگەری و هیچ كەس و لایەنێكی دیکە پارەی بۆ نەخۆشەكە نەداوە تا ئێستاش.

Back to top button