یونیسێف: یەک لەسەر چواری تووشبووانی کۆرۆنا لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە

رێکخراوی یونیسێف ئاشكرایكرد، یەک لەسەر چواری ئەو کەسانەی لە یەمەن تووشی کۆرۆنا بوون، گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوی سندووقی یارمەتی منداڵان سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە (یونیسێف) راگەیەندراوێکی دەربارەی ئامارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە یەمەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە بەهۆی شەڕ، برسێتی و بێکاری ئەو وڵاتە بە رەوشێکی نالەباردا تێدەپەڕێت.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە یەک لەسەر چواری ئەو کەسانەی لە یەمەن تووشی کۆرۆنا بوون، گیانیان لەدەستداوە و ئەم ژمارەیەش بەراورد بەڕێژەی تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ناوچەکانی دیکەی جیهان پێنج هێندەیە.

یونیسێف ئاماژەی بەوەشداوە کە پێدەچێت زۆرینەی حاڵەتەکانی تووشبوون تۆمار نەکرابێتن و ڤایرۆسەکە بەنهێنی بەناو خەڵکدا بڵاوبووبێتەوە.

هەروەها باس لەوەشکراوە لە شارەکانی باشووری یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ئەو وڵاتەدان تەنها پشکنین بۆ ئەو کەسانە کراوە کە لە رەوشێکی خراپدابوون، لە شارەکانی باکووریش کە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندان زانیاری پێویست لەبەردەستدا نییە و نازاندرێت رەوشەکە چۆنە.

جیی ئاماژەیە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی یەمەن تا ئێستا هەزار و ٣٠٧ کەس بەهۆی کۆرۆناوه‌ گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و ٦٥٨ حاڵەتی تووشبوونیش تۆمار کراون بەڵام ئەم ئامارانە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان ناگرێتەوە.

Back to top button