به سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە توندوتیژی دژی ژنان بهرێوهچوو
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پەلە بکرێت لەجێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان.
ئەمڕۆ سێ شەممە 25 ی ئایار (مایس) ی 2021 بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەهەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان سەبارەت بەزیادبوونی رێژەى حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرێوەچوو کەتێیدا تاوتوێی ئەو حاڵەتانەکرا کەلەماوەى رابردوودا تۆمارکراون، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی گرتنەبەرى رێگەچارەى خێرا و پلانی کورتخایەن خرایەڕوو، لەپێناو رێگری لەپەرەسەندنی ئەم حاڵەتانەدا.
لەوبارەیەوە جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەنگاوی خێرا بگرینەبەر بۆ رێگری لەپەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و خۆکوشتن، و لەڕێى کەناڵە جیاوازەکانەوە هەوڵى بڵاوکردنەوەى رێنمایی و هۆشیاری خێزانی بدەین تا چارەسەرى پێویست بۆ ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییە بدۆزینەوە”.
هاوكات جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا رێگەچارەى خێرا بگیرێتەبەر، لەجێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ کردنەوەى خولى جۆراوجۆرى راهێنان بۆ ئەفسەران و وتەبێژان لەبارەى هۆشیارى لەبنەماکانی یەکسانی جێندەری.
بڕیاریش درا رێگری بکرێت لەبردنەدەرەوەی کەیسی نێو شێڵتەرەکان تا کۆتایی هاتنی راوێژ لەگەڵ سەنتەرە تایبەتەکاندا، لەگەڵ جیاکردنەوەى کەیسەکان لەناو شێڵتەر بەپێى جۆر و تایبەتمەندیی کەیسەکان. هەروەها بڕیاردرا بە دابینکردنی بودجەی پێویست و بینای گونجاو بۆ شێڵتەرەکان.
بڕیاریشدرا ئەنجومەنی باڵای خانمان ستراتیژێکی تایبەت بە ڕێگری کردن لە توندوتیژی دژی ژنان ئامادەبکات بەوەرگرتنی بۆچوونی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی حکومەت بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها بۆردێک دروست بکرێت بۆ بەدواداچوون و پابەندبوون بەمیساقی شەرەف کەلەنێوانی راگەیاندن و رێکخراوەکان هەیە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر رێگری کردن لە سەرپێچی کردن لە رێنماییەکانی وەزارەت و بنەما پیشەیی یە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تایبەت بەرووماڵى کەیسەکانی ژنان.
جەختیش لەوە كرایەوە کە پێویستە مامۆستایانی ئاینی رۆڵى خۆیان ببینن و لەوتارە ئاینییەکاندا پاڵپشتی بەرەنگاربوونەوەى کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بکەن.
کۆبوونەوە بەگرنگی زانی سود لەتواناى توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی و چالاکوانانی بوارى مافى مرۆڤ ببینرێت بۆ هۆشیارکردنەوەى تاکەکانی کۆمەڵ و بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەى گیانی باوەڕبەخۆبوون و چاندنی تۆوی هیواو ئومێد لەجێى نائومێدی، سەربارى خستنەرووى ئەوەى کەخۆکوشتن نەحاڵەتێکی ژیرییە و نەچارەسەرێکی دروستە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.