سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی فەرەنسی دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 25 ی ئایاری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی فەرەنسی کرد کە پێکهاتبوو لە فرانسواز دوما سەرۆکی کۆمسیۆنی بەرگری نیشتمانیی و سەربازی لە پەرلەمانی فەرەنسا ، فیلیپ مایەر و گوێندال ڕۆیلارد ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی فەرەنسا ، برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کونسولی گشتيی فەرەنسا لە هەولێر.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا تاووتوێ کرا.

شاندی فەرەنسی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی دۆستایەتی و پەیوەندی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە و ستایشی هەوڵە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا، کە خواستێکی بەهێزی چاکسازی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینین، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ پشتگیریی و درێژەدان بە پشتیوانی حکومەتی هەرێم .

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی بەردەوامیی حکومەت و گەلی فەرەنسای کرد کە هەمیشە لە قۆناغە جیاواز و سەختەکاندا پشتیوانیان لە گەلی کوردستان کردووە ، بە تایبەتی لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش. ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لە گەڵ فەرەنسا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی .

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەت فیدراڵی ، گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دۆخی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و گرنگیی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆیان ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.

 

 

Back to top button