فراكسيۆنى پارتى ئيمزا كۆده‌كاته‌وه‌ … داواى دانيشتنێكى تايبه‌تى په‌رله‌مان ده‌كات بۆ هۆكارى لێبڕينى مووچه‌

پەرلەمانتارانی پارتی ئیمزا کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دانیشتنی داهاتوو تایبەت بکا بە لێبڕینی مووچە .

دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ بڕياربوو خشته‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بۆ مانگى 5-2021 بڵاوبكرێته‌وه‌ و داهاتى ناوخۆى هه‌ردوو پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆك گه‌يشت به‌ خه‌زێنه‌ى گشتى به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌يه‌ى كه‌ حكوومه‌ت بۆ پارێزگاى سلێمانى ديارى كردبوو كه‌ بگه‌رێنرێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى گشتى تا ئێستا نه‌گه‌يشتووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌مرۆ ژماره‌يه‌ك په‌رله‌مانتارى فراكسيۆنى زه‌رد ئه‌وه‌يان بۆ خه‌ڵكه‌ كوردستان ئاشكرا كرد، بۆيه‌  له‌ دانيشتنى ئه‌مرۆى په‌رله‌مانى كوردستان فراكسيۆنى پارتى بڕياريدا ئيمزا كۆبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان دانيشتنى داهاتوو تايبه‌ت بكات به‌ لێبڕينى و مووچه‌ .

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان يش له‌ فراكسيۆنى پارتى رايگه‌ياند :” دواى كۆكردنه‌وه‌ى ئيمزاى پێويست داواكارييه‌كه‌مان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى كاتى دانيشتنه‌كه‌ دياربكرێت و له‌ دانيشتنه‌كه‌ ڕاستييه‌كانى هۆكارى لێبرينى مووچه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان ئاشكرا بێت و چيتر موزايه‌ده‌ چييه‌كان نه‌توانن موزايه‌ده‌ بكه‌ن.

هه‌ر ئه‌مرۆ هێڤیدار ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ین روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دواكه‌وتنی مووچه‌ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی سلێمانی بدات، كه‌ بۆچی خه‌زێنه‌ی گشتی ناگه‌ڕێته‌وه‌، له‌هه‌مانكاتدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، 80%ی پڕۆژه‌ی چاكسازی لای وه‌زیری داراییه‌ و چه‌ندین جار داوای لێكراوه‌ بێته‌ په‌رله‌مان، كه‌چی ئاماده‌ نییه‌ بێته به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی.

هێڤیدار ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی گوتی: “به‌دواداچوونێكی جددیمان كردووه‌ له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان، كه‌ چاره‌نووسی چی به‌سه‌ردێت، ئێستا ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ملیۆنێك و 270 هه‌زار و 70 كه‌سه‌، چاره‌نووسی ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ چییه‌، له‌به‌رچی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دواكه‌وتووه‌، كێشه‌كه‌ی چییه‌، به‌دواداچوونمان به‌وه‌ كردووه‌ و داوامان كردووه‌ وه‌ڵامی ئه‌مه‌ بۆخه‌ڵك ئاشكرا بكرێت”.

گوتیشی: “له‌ په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆیه‌كی زۆر جددی كراوه‌ و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كردووه‌، به‌دواداچوونمان بۆ ئه‌وه‌ كرد، بۆچی مووچه‌ له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆی دواكه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ی روونبووه‌ته‌وه‌، كێشه‌ هه‌یه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو مانگێك هه‌موو ئه‌و داهاته‌ی له‌ پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك هه‌یه‌، بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م مانگه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی داوای داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی كردووه‌، كه‌ زۆرترین مووچه‌خۆری حكومه‌ت له‌ سلێمانییه‌، زۆرترین خانه‌نشینان له‌ سلێمانییه‌، زۆرترین خانه‌نشینی سه‌ربازی و پله‌ی مه‌ده‌نیش هه‌ر له‌ سلێمانییه‌، داوای 80 ملیۆن دۆلار كراوه”.

 

 

Back to top button