ساسان عەونی: 5 ملیار و 700 ملیۆن دینارەکەی سەرۆكی حكوومەت كاریگەری راستەوخۆی لەسەر سەوزاییەكانی سلێمانی دەبێت

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی زۆر بە بابەتی سەوزایی لە شاری سلێمانی دەدات و لەم ڕوانگەیەوە پارەی بۆ پاركی هەواری شار و بلوارەكانی ناوشار تەرخانكرد و ئەو بڕە پارەیەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەردەوامی سەوزاییەكانی شارەكە دەبێت.

سەبارەت بە دابینكردنی ئەو 5 ملیار و 700 ملیۆن دینارەی كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ به‌ڕێوه‌بردن و خزمەتكردنی سه‌وزایییەكانی‌ پاركی هه‌واری شار و شه‌قامی شێخ مه‌حموود و شه‌قامی تاسڵووجه‌ لە شاری سلێمانی تەرخانی كرد، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت كە جەنابی سەرۆكی حكوومەت كاك مەسرور بارزانی بە دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە، موژدەیەكی خۆشی ڕاگەیاند بۆ سیانەكردن و ئیدامەكردنی سەوزاییەكانی پاركی هەواری شار و بلوارەكانی ناو شاری سلێمانی.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە بە گرنگ و كاریگەر دەزانێت و لەمبارەیەوە دەڵێ: بە دڵنیایییەوە ئەو بڕە پارەیە كاریگەریەكی راستەوخۆی لەسەر بەردەوامی سەوزاییەكانی ناو شاری سلێمانی و بە تایبەتی پاركی هەواری شار و هەموو بلوارەكانی ناو شاری سلێمانی دەبێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بەوەش دەكات كە دەرخستەی پارەكە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە بایەخەوە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرزكراوەتەوە و جەنابی سەرۆكوەزیرانیش ئەو بابەتەی زۆر بە گرنگ زانیوە و ڕەزامەندی لەسەر دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە داوە بۆ خزمەتكردنی ناوچە سەوزاییەكانی شاری سلێمانی.

 

Back to top button