راگەیەندراوی سوپای عێراق لەسەر دەستگیرکردنی قاسم موسڵح

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، دەستگیرکردنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم مەحمود کەریم موسڵح بەبڕیاری دادگا بووە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا دەستی پێکردووە.

 

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم مەحمود کەریم موسڵح لە باشووری بەغدا لەلایەن ھێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکرا.

 

لەمبارەیەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ھەواڵەکە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوبراو پشت بەستن بڕیاری دادگا کە لە رۆژی ٢١ی ئایار دەرچووە، لەلایەن ھێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکراوە.

 

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە ناوبراو بەپێی ماددەی چوار لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیرکراوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ناوبراو کراوە، دەستی پێکردووە.

 

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی خەختی لەوەشکردووەتەوە کە دەستگیرکردنی قاسم مەحمود کەریم موسڵح کردنە ئامانجی ھیچ لایەنێکی سەربازیی و ئەمنیی نییە وەک ئەوانەی کە ئامانجیان نانەوەی پشێویە بانگەشەی بۆ دەکەن و ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرجەم دەزگا و دامەزراوە ئەمنییەکان لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراقدان.

 

پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق رایگەیاندبوو کە ھۆکاری دەستگیرکردنی قاسم موسڵح بۆ تێوەگلانی لە ژمارەیەک دۆسیەی گەندەڵی دەگەڕێتەوە.

 

بە گوتەی سەرچاوەکە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار دوای دەستگیرکردنی لە باشووری بەغدا، براوە بۆ بنکەیەکی ئەمنی.

 

ھاوکات میدیاکانی حەشدی شەعبی بڵاویانکردووەتەوە کە قاسم موسڵح لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییدا کە ھێزێکی کۆماندۆی ئەمریکا بە یارمەتی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچەی دۆرە باشووری بەغدا ئەنجامیداوە، دەستگیرکراوە .

 

بەپێی میدیاکانی حەشدی شەعبی، قاسم موسڵح بەھۆی ئەوەی رێگریکردووە لە ھاتنی کاروانێکی ھێزەکانی ئەمریکا لە سووریاوە بۆ عێراق، دەستگیرکراوە.

 

ئەم رووداوە کاردانەی بەشێک لە ھێزە میلیشیاکانی سەربە حەشدی شەعبی کە بە نزیکبوونیان لە ئێران ناسراون، لە بەغدای پایتەخت، ھەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا.

Back to top button