لە بارەی كوژرانی تیرۆریستێك وەڵامی كەناڵی ئەلجەزیرە درایەوە
خواكوڕك
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كەناڵی (ئەلجەزیرە)ی عەرەبی لە هەواڵێكدا تیرۆریستێكی داعشی بە عەرەبی ئاوارە ناساند و پێشمەرگەی بەوە تۆمەتبار كرد كە گوایە ئەو كەسەیان كوشتووە, سكرتاریەتی لێژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، لەبارەی كوژرانی تیرۆریستێكی داعش، وەڵامی كەناڵێكی عەرەبی دایەوە.
لە ڕوونكردنەوەیەكی سكرتاریەتی لێژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، كە وێنەیەكی بۆ (خواكوڕك) نێردراوە، ئاماژەی بە كوژرانی تیرۆریستێك داوەو دەڵێت:” كوژرانی تیرۆریست عەبدولغەنی یونس ئەلجبووری لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگە لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا بووە”
هەروەها لێژنەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە: ” تیرۆریستەكە لە بەرواری 21/2/2015 و لە بەردەوامیی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە میحوەری (ئاسكی مووسڵ) بە ناوی (عەبدولغەنی یونس ئەلجبووری)، لە كاتی شەڕ لە دژی هێزەكانی پێشمەرگەدا كوژرا، پاش ئەوەی كە بریندار دەبێت و هەوڵی تۆڵەسەندنەوە لە پێشمەرگە دەدات. ناوبراو كەوتە بەر هێرشی پێشمەرگە و لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا هاتە كوشتن و لە ناوچوو، هەر لەم ڕووداوەدا سێ تیرۆریستی دیكە خۆیان حەشار دابوو لە گوندێك لە دەڤەری (ئاسكی مووسڵ) و توانییان خۆیان ڕزگار بكەن و تەنیا تیرۆریست (عەبدولغەنی یونس ئەلجبووری) لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگە كرایە ئامانج و لە ئەنجامدا كوژرا“.
لە بەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەی لێژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێو دەوڵەتیەكان دەڵێت:” ناوبراو بە هیچ شێوەیەك ئاوارە نەبووە، بەڵكو لە پاش شەڕێكی قورس كوژراوە لە بەرەكانی جەنگ و لە كاتی شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و تیرۆریستان. لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە هەوڵی زۆر درا كە ناوبراو بە برینداری دەستگیر بكرێت، بەڵام تیرۆریستان وەك نەریتی هەمیشەییان، خۆی نەدا بەدەستەوە و بە برینداری لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە كرایە ئامانج و لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێكدادانەدا كوژرا“.