فەرمانگەی خزمەتگوزرای 8ی حەسارۆک کرایەوە و دەست بە وەرگرتنی مامەڵەی خاوەن زەوییەکان دەکرێت
فەرمانگەی خزمەتگوزرای 8ی حەسارۆک بەئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر، کرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021.5.27، لەژێر ڕۆشنایی بڕیار و ڕاسپاردەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی زەوییەکانی کەرتی 8ی حەسارۆک لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و جێگرانی پارێزگار و قائیمقامی ناوەند و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانی چوار، لە ڕێورەسمێکدا فەرمانگەی خزمەتگوزرای 8ی حەسارۆک کرایەوە.
مەبەست لە کردنەوەی فەرمانگەی خزمەتگوزرای 8ی حەسارۆک کە پێکهاتووە لە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی (شارەوانی، کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ) و دەکەوێتە سنووری زەوییەکانی ئەو کەرتە، ئەنجامدانی کارئاسانییە بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی داواکارییەکان و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا دەست دەکرێت بە وەرگرتنی داواکاری و مامەڵەی خاوەن زەوییەکانی کەرتی 8ی حەسارۆک.