بانكی ناوەندی قەرز دەدات، هاووڵاتیانی هەرێمیش دەگرێتەوە

خواكوڕك

دوای ئەو تەنگەژە داراییەی كە جیهانی گرتەوە هەرێمی كوردستان عێراقیش لێی بێبەش نەبوون بەو هۆیەشەوە گوزەرانی خەلكی بەرەو خراپ بوون چوو, بۆ یە لە ئێستادا بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاری داوە، بە بڕی ترلیۆنێك دینار قەرز بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكات و بەڕێوەبەری پڕۆژەكەیش دەڵێ، تا ئێستا هەزار كەس ناویان تۆمار كردووە و پڕۆسەی ناوتۆماركردنیش بەردەوامە.

(موحسین شانەدەری)، سەرۆكی رێكخراوی زەرد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندبوو:” وا بڕیارە بانكی ناوەندی عێراقی بڕی شەش ترلیۆن دینار وەك قەرز دەدات بە هاووڵاتیانی عێراق و لەو پارەیە 17% بەشی هەرێمی كوردستانە و ترلیۆنێك دینار دەكات، لە رێگەی رێكخراوی زەردەوە قەرزەكە بە هاووڵاتیان دەدرێت و تا ئێستا تەنیا لە سنوری هەولێر هەزار كەس ناویان تۆمار كردووە، لەو ژمارەیە 331 كەس لەلایەن ئێمە و بانكی ناوەندی پەسەند كراون 142 كەسیش قەرزەكەیان وەرگرتووە.

لە بارەی مەرجەكانی سودمەند بوون لە قەرزی بانكی ناوەندی سەرۆكی رێكخراوی زەرد گوتیشی: ” چەند مەرجێك بۆ سودمەند بوون لەو قەرزە دانراوە لەوانە ، هاووڵاتی عێراقی بێت و فۆڕمی بانكی ناوەندی پڕ بكاتەوە بەپێی ئەو سیستەمەی دانراوە، قەرزەكە لە هەشت ملیۆن دینار دەست پێدەكات تا 20 ملیار دیناری عێراقی و لە رێگەی بانكەكانی هەرێمی كوردستانەوە دابەش دەكرێت”.

هەروەها سەرۆكی رێكخراوی زەرد گوتیشی: ” قەرزەكە زیاتر ئەو كەرتانە دەگرێتەوە كە سوودی بۆ گشتی هەبێت، بە تایبەت نیشتەجێبوون و پیشەسازی و كشتوكاڵ، چەند سێكتەرێكی دیكە دەگرێتەوە.

هەروەها لە بارەی چۆنیەتی پێدانی قەرزەكە شانەدەری گوتی:” قەرزی بچووك بەیەك جار پارەكە بۆیان خەرج دەكرێت و ئەوانەشی پارەیەكی زۆرە بە چەند قۆناغێك دەبێت، بڕیارە پڕۆژەكە تا ماوەیەكی درێژ بەردەوام بێت، بەڵام هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان دەتوانن سەردانمان بكەن”.

Back to top button