گەشتە ئاسمانییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئێران دەست پێدەكەنەوە

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و ئێران رایگەیاند، ھەوڵی بەردەوام ھەیە بۆ ئەوەی جووڵەی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و ئێراندا زیاد بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ھەنگاو نراون، لەوانە، دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان و هەروەها چەندین مەرزیش بەفەرمی دەكرێن.

عەبدوڵلا ئاكرەیی، گوتی، بڕیار دراوە كە گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان ھەرێم و ئێران دەست پێبكەنەوە و گەشتەكانیش ھەفتەی دوو جار دەبن لە ھەردوو فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی، كە لە رۆژانی یەكشەممە و ھەینی ئەنجام دەدرێن، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە ماوەی ڕابردوودا گەشتەكان بە ھۆی نەخۆشیی كۆرۆناوە راگیرابوون.

ئاكرەیی گوتیشی، ھەوڵ دەدرێت كە گەشتەكان بكرێنە رۆژێك نا رۆژێك و گەشتێكی تایبەتیش لە  ھەولێر بۆ ئورمییە بكرێتەوە، بۆیە ھەوڵی بەردەوام ھەیە كە ئاسانكاریی زیاتر لە نێوان ھەردوولادا بكرێت.

ناوبراو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی باسی لەوەش كردووه‌، بڕیارە كۆمەڵێك دەروازەی نافەرمی، كە نزیكەی ھەشت دەروازەن، بكرێنە فەرمی، چونكە پێویستی بە رەزامەندیی حكوومەتی عێراق و ئێران ھەیە و ئێرانیش زۆر پێی باشە بە زووترین كات ببنە فەرمی و چەندین جاریش سەردانی ئەو مەرزانە كراوە و تەنیا ماوەتەوە بڕیار بدرێت ببنە فەرمی.

دەشڵێ، كار دەكرێت بۆ ئەوەی جموجۆڵی بازرگانی زیاتر بكرێت و ھاتوچۆی زۆریش لە نێوان ھەردوولادا دەكرێت، هەروەها بڕیارە بۆ ھەمان مەبەست وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی ئێران بكات.

Back to top button