دڵنيايى ده‌درێت … ھیچ دەرماڵەیەکی یاسایی نابڕدرێت

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا خەریکی ڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانە و بڕیاردەری لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، ھیچ دەرماڵەیەکی یاسایی نابڕدرێت و تەنیا دەرماڵەکان ڕێک دەخرێنەوە و ئەوانەی نایاسایین دەبڕدرێن.

 

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، ڕايگەیاند: “حکوومەتی ھەرێم دەرماڵەی ھیچ فەرمانبەرێک نابڕێت و ئەوەی ئێستا بەڕێوە دەچێت جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە و ھاوشێوەی مووچە دەرماڵەی فەرمانبەرانیش ڕێک دەخرێتەوە، ڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران بە واتای بڕین نایەت، چونکە دەرماڵەی ھیچ فەرمانبەرێک نابڕدرێت، ئەگەر بەپێی یاسا بۆی خەرج کرابێت.”

بڕیاردەری لیژنەی دارایی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتووه‌: “ئێستا ھەر وەزارەتێک نوێنەری خۆی ھەیە و کار لەسەر ڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی دەکات، لە کۆتاییدا حکوومەت بڕیار دەدات چەندی نایاسایی بووە و چەندی یاسایی بووە و چەندی داھات بۆ حکوومەت گەڕاوەتەوە.”

محەمەد سەعدەدین ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووه‌: “فەرمانبەران دڵنیا دەکەینەوە بڕینی دەرماڵە ڕوو نادات، تەنیا ئەوانەی بە ناسایی سوودمەند بووبن لە دەرماڵە، دەرماڵەکانیان دەبڕدرێت، چونکە دەرماڵە ھەیە بەرانبەر بە مەترسییەک خەرج کراوە، کەچی فەرمانبەری تێدایە ئەو مەترسییەی لەسەر نییە، بەپێچەوانەوە ھەندێ فەرمانبەر دەرماڵەیان بۆ خەرج دەکرێت و مووچەکانیان زیاد دەکات، چونکە لەوانەیە بەپێی یاسا مافی وەرگرتنی دەرماڵەی ھەبێت و تا ئێستا سوودمەند نەبووبێت.”

Back to top button