چاودێرێك : لاهوور هەوڵدەدات خۆی بەسەر هەموو یەكێتی بە ماڵی مام جەلالیشدا بسەپێنێت… بافڵ تاڵەبانیش بێدەسەڵاتە

چاودێرێكی سیاسی ئاشكرای كرد، لاهوور جەنگی بەو ئاراستەیە كار دەكات كە بە تەواوی دەست بەسەر هەموو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بگرێت و باڵەكانی دیكەی حزبەكە لە ناوەندی بڕیاردان دوور بخاتەوە، لە بەرامبەریشدا بافڵ تاڵەبانی هیچ پلانێكی نییە. هۆشداریشی لە سەرگرتنی هەوڵەكانی لاهوور و كاریگەرییە خراپەكانی بەسەر خەڵكی سلێمانی دا.

دکتۆر ناسیح غەفوور، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاند، لاھوور جەنگی پێش بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکییەوە ھەوڵی دەدا خۆی بەسەر حزبەكەیدا بسەپێنێت، ”بە پشتیوانیی ئێران و شۆڤێنی و میلیشیاكانی عێراق توانی پارەیەكی ئەوتۆ بەدەست بهێنێت كە لە رێگەی هەڵڕشتنیەوە لە لایەك و بەكارهێنانی دەزگا ئەمنییەكانی ژێر دەسەڵاتی بۆ چاوسووركردنەوە لە ئەندامانی كۆنگرەی حزبەكەی لەلایەكی دیكەوە، بەشێكی یەكێتی بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە“.

ڕوونیشی كردەوە كە ئێستا لاهوور جەنگی هیچ حیسابێك بۆ سەركردەكانی پێشووی یەكێتی ناكات و هەوڵدەدات خۆیشی بەسەر هەموو یەكێتی بە ماڵی مام جەلالیشدا بسەپێنێت، ”ئەوەشمان بە روونی بینی كاتێك بە تاقی تەنیا هاوپەیمانێتی لەگەڵ گۆڕان كرد“.

ئەو چاودێرە پێیوایە كە ئەگەر پیلانەكانی لاهوور جەنگی لە نێو یەكێتی سەربگرێ و تەواوی حزبەكەی بكەوێتە دەست، ئایندەیەكی مەترسیدار چاوەڕێی خەڵكی سلێمانی دەكات، چونكە ”لاهوور لە پێناو پارە و دەسەڵاتداربوونی خۆی، هەموو كارێك دەكات و ساڵی رابردوو هەموان بینییان چۆن پیاوەكانی لاهوور گەنجانیان كوشت و دواتر خۆیشی لە ڕێگەی هەڕەشەكردن لە كەسوكاری كوژراوان، ناچاری كردن پێشوازی لێ بكەن“.

ناسیح غەفوور بۆ باسنيوز ئاشكرای كردووه‌ كە هەرچەندە بافڵ تاڵەبانی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی و كوڕی جەلال تاڵەبانی، لە ئەستۆیەتی حزبەكەی و خەڵكی سلێمانیش لە مەترسییەكانی لاهوور بپارێزێت، بەڵام ”بافڵ بەرامبەر بە لاهوور بێپلان و بگرە بێدەسەڵاتیشە و هیچ هەڵوێستێكی نییە، تەنانەت ناتوانێت ڕێگری لە دزی و قاچاخچێتییەكانی لاھوور جەنگی بگرێت، لە کاتێکدا ئەو ھاوسەرۆکە بە ئارەزووی خۆی قاچاخچێتی و بازرگانی لە خاڵە سنوورییەکانەوە دەکات، بگرە بافڵ ناتوانێت پیاوەکانی خۆی لە نێو دەزگای زانیاری لە مەترسی پیاوەكانی لاهوور بپارێزێت“.

Back to top button