شاندی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته‌ به‌غدا

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق كۆبوونەوە ئەنجام بدەن، بودجە و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا بابەتی گفتوگۆكان دەبێت.

فارس عیسا بەرپرسی نووسینگەی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، بڵاوی كردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەنە بەغدا.

ڕوونیكردەوە، شاندەكە بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ بەغدا دەبێت، كۆبوونەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان دەكەن.

لەلایەکی ترەوە، بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ به‌غدا، به‌ كه‌ناڵى (كوردستان 24)ى ڕاگه‌یاندووه‌: ئێوارەی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30/5/2021، شاندی دانوستانکارى هه‌رێمى كوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتى هه‌رێمى كوردستان ده‌گاته‌ بەغدا.

Back to top button