جێ به‌جێ كردنى 131 پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی بۆ شارى هه‌ولێر راگه‌يێنرا

پارێزگارى هەولێر ده‌لێ :  ١٣١ پڕۆژەى خزمەتگوزارى خراونەتە تەندەرەوە و ئەم هەفتەیە دەستپێدەکەن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانيدا ئه‌مرۆ يه‌كشه‌ممه‌ 30-5-2021 ،  رایگه‌یاند، 131 پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ پارێزگای هه‌ولێر بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ و له‌ ماویه‌كی نزیكدا ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر گرنگی به‌ رێگای گونده‌كان و له‌ناو شاریش گرنگی به‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كان ده‌ده‌ین، بڕیار له‌سه‌ر 131 پڕۆژه‌ بۆ‌ پارێزگای هه‌ولێر دراوه‌، كه‌ 13 پڕۆژه‌یان ئه‌و پڕۆژانه‌ی پێشوون، كه‌ به‌هۆی قه‌یرانی دارییه‌وه‌ وه‌ستابوون و ئێستا ته‌واو ده‌كرێن، 118 پڕۆژه‌ی تازه‌شه‌ كه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌درێن”.

پارێزگارى هه‌ولێر ده‌شلێ: “دابه‌شكردنی بڕی تێچووی پڕۆژه‌كانیش له‌سه‌ر بنه‌مای رێژه‌ی دانیشتووانی قه‌زاكان بووه‌، به‌و جۆره‌ پاره‌ بۆ پڕۆژه‌كان دابینكراوه‌ و ئه‌نجام ده‌درێن، له‌ هه‌مانكاتدا خاڵێكی گرنگی ئه‌م پڕۆژانه‌، هاوسه‌نگی راگرتنی شار و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌، كه‌ به‌شی شێری پڕۆژه‌كان بۆ ده‌وروبه‌ری شاره‌، بۆ قه‌زاكانه‌، بۆ شاره‌دێكانه‌ و سێكته‌ره‌كانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان،‌ شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كان، رێگاوبان، كاره‌با، ئاو، ئاودێری، ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و قوتابخانه‌كان له‌خۆده‌گرێت.

ئومێد خۆشناو زياتر گوتى:”، گرنگی به‌ ناوی شاری هه‌ولێریش دراوه‌، تێچوویه‌كی زۆر بۆ پڕۆژه‌كان دیاری كراوه‌، زیاتریش تیشكه‌ خراوته‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كان، به‌ تایبه‌تی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی خه‌ڵكی كه‌م ده‌رامه‌تی تێدایه‌، ئه‌گه‌ر له‌ رابردوودا نه‌توانرابێت خزمه‌تگوزاری پێویستیان پێبگات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ ده‌ستپێكدا كاری له‌ پێشینه‌مان بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ ده‌بێت، له‌ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێرشدا، گرنگیمان به‌ رێگای گونده‌كان داوه‌، له‌ رێگه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ گونده‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی بووژانه‌وه‌ی ئابووری ناوچه‌كه‌.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دابینكردنی 28 ملیار دینار بۆ ئه‌م پڕۆژانه‌، قۆناغی یه‌كه‌م بۆ بووژانه‌وه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، قۆناغی دیكه‌شی به‌دوادادێت، پڕۆژه‌كانیش له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شاره‌وانی و وه‌زاره‌ته‌كانی تایبه‌تمه‌ند ئاماده‌ كراوه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر، واتا ئه‌و 28 ملیاره‌، پارێزگای هه‌ولێر راسته‌وخۆ پڕۆژه‌كان جێبه‌جێ ده‌كات و له‌ رێگه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانیشه‌وه‌ 100 ملیار دیناری دیكه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دراوه‌ بۆ پارێزگای هه‌ولێر.

پارێزگاری هه‌ولێر گوتيشى،” سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام پشتگیرییه‌كی به‌هێزه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و سوپاسی ئه‌و پشتیوانییه‌شی ده‌كه‌ین كه‌ بۆ پارێزگای هه‌ولێر هه‌یه‌تی.

له‌ كۆتايى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانييه‌كه‌يدا سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانیش له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵی، ئومێد خۆشناو گوتى:” له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ی 2021ی فیدراڵیش، 85 ملیار دیناری دیكه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر ته‌رخانكراوه‌ و له‌ویش خزمه‌تێكی زیاتری پارێزگاكه‌مان ده‌كه‌ین.”

Back to top button