پارێزگاری به‌سرا له‌ ديدارى له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى: ئەو قسانە ڕاست نين کە ده‌گوترێت هەرێمی کوردستان لە سەر حیسابی بەسڕا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق پێشکەوتووە

ئەمڕۆ دووشەممە 31 ی ئایاری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە ئەسعەد ئەلعیدانی پارێزگاری بەسڕا کرد.

لە دیدارەکەدا کە ئاراس حەبیب کەریم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەی بوو ، پارێزگاری بەسڕا ئاماژەی بەوەدا ، کە زۆر سوودیان لە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەرگرتووە .

گوتیشی ئەو قسانە ڕاست نين کە هەرێمی کوردستان لە سەر حیسابی بەسڕا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق پێشکەوتووە.

پاڕیزگاری بەسڕا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی عێراق ، فیدراڵییە نەک ناوەندی، بۆیە پێویستە هەرێم و پارێزگاکانی عێراق بەشێوەیەکی ڕاستەقینە بەشداربن لە دەسەڵات و بڕیارداندا و ناکرێ عێراق، بە شێوەیەکی مەرکەزی بەڕێوەببرێت.

سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەک لە گەڵ پارێزگای بەسڕا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەربڕی و دووپاتیشی کردەوە کە عێراق، لە ڕووی سامانی مرۆیی و سروشتییەوە ، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و ئەگەر حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش هەبێت، دەرفەتی ئەوەی هەیە ، ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ناوچەکە.

 

Back to top button