پارێزهرێك :يهكێتى ئهگهر ڕاست دهكهن با پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بەكار بهێنن دژی ئەم تاوانەی بەرامبەر بەژینگەی كوردستان دەكرێت،نهك موزايهده بكهن
پاریزەرێك لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند، پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەركی خۆیان بەجێ گەیاند، بۆیە پێویستە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پۆستەكەی لە بەغدا بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە بڕینەوەی دارستانەكان بەكار بهێنێت.
کارزان سەلام، پارێزەر لە شاری سلێمانی رايگەیاند، پەرلەمانتارانی پارتی لە چەند رۆژی رابردوودا كارێكی زۆر گرنگیان كرد، ئەو تاوانەیان ئاشكرا كرد كە بەرامبەر بە ژینگەی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە لەمەدا بە تەنیا توركیا تاوانباری سەرەكی نییە، بەڵكوو پەكەكەش تاوانبارە كە هەر ڕۆژەی پاساوی داگیركردنی ناوچەیەكی كوردستان بە توركیا دەدات.
ئەو پارێزەرە ڕوونی كردەوە كە بەپێی ماددەكانی (٣٣ و ٦٧ و ١١٤)ی دەستووری عێراق، بە پلەی یەكەم ئەركی دەوڵەتی عێراق و دامەزراوە سەرەكییەكانی و سەرۆك كۆماری عێراقە كە ڕێگە لە پێشێلكردنی سەروەریی دەوڵەتەكە و دروستكردنی هەڕەشە لەسەر سەلامەتیی خاكەكەی بگرن، بەڵام ماوەیەكی زۆرە باس لەوە دەكرێت كە عێراق و توركیا لە ژێرەوە لەسەر ئەو هێرشانەی توركیا ڕێككەوتوون.
ئەو پارێزەرە رەخنەی لەوانەش گرت كە بەردەوام پشتیوانی لە سیاسەتی پەكەكە دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و رای گەیاند: ”ئەوەی ئێستا لە بەرامبەر دارستانەكانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی پەكەكەیە كە توركیای پەلكێشی ناوخۆی كوردستان كردووە، كەچی هێشتا پاساو بۆ پەكەكە دەهێننەوە، لە كاتێكدا ئەو حزبە هەر رۆژەی شوێنێكی كوردستان رادەستی توركیا دەكات“.
كارزان سەلام بۆ باسنیوز باسی لەوە كردووه كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكێكە لەو لایەنانەی موزایەدە بە بابەتی بڕینەوەی دارستانەكانەوە دەكات لە كاتێكدا هەر ئەو حزبە لە ساتەوەختی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەردا نەك هەر دار و درەخت، بەڵكوو زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستانی رادەستی میلیشیاكانی عێراق كردووە و بەهۆی ئەوانەوە پرۆسەی تەعریب دەستی پێكردۆتەوە، بۆیە ”ئەگەر ئەگەر جددین و دژی ئەم كارەی توركیان، با پۆستەكەیان لە بەغدا كە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقە، بەكار بهێنن و دژی ئەم تاوانەی بەرامبەر بە ژینگەی كوردستان دەكرێت، بوەستنەوە“.