رێڤینگ ھرووری، ھەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن سوپایەكی یەكگرتوو
كار لەسەر دروستكردنی سوپایەكی یەكگرتوو بۆ ھەرێمی كوردستان دەكرێت و سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، بەپێی پلانی ھاوپەیمانان، تا ساڵی ٢٠٢٥ ھەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن سوپایەكی یەكگرتوو.
رێڤینگ ھرووری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، رايگەیاند: “بەرنامەی چاكسازی لە ھێزەكانی پێشمەرگە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و ھاوپەیمانانیش ھاوكارن بۆ رێكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە و پلان وا دانلااوە، كە تا ساڵی ٢٠٢٥ ھەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن لەشكرێكی یەكگرتوو، ئێمەش لە پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەش، كار بۆ ئەو پلانە دەكەین”.
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە دەشڵێت: “یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی سوپایەكی یەكگرتوودا، پێویستی بە بڕیارێكی سیاسی ھەیە، بە تایبەتی لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە”.
ھرووری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووه: “ھەردوو یەكەی حەفتا و ھەشتا رەزامەندییان پیشان داوە بۆ ئەوەی بخرێنە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەوە، پارتی و یەكێتیش ئەوەیان دووپات كردووەتەوە، كە ھەردوو یەكەی حەفتا و ھەشتا راسپێردراون میلاكانی خۆیان پێشكەشی وەزارەتی دارایی و ئابووری بكەن، تا لە قۆناغی یەكەمدا یەكەی ژمێریارییان بۆ بكرێتەوە و دواتر قۆناغەكانی دیكە بەڕێوە بچن”.